رامۆس رۆیشتنی لە مۆنتێریی مەکسیکی راگەیاند

10   کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

سێرجیۆ رامۆس، بەرگریکەری ئیسپانیی یانەی مۆنتێریی مەکسیکی، رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند، دووپاتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێناکاتەوە.
 
رامۆس مانگی دووی ئەمساڵ چووە ریزەکانی مۆنتێری، بەڵام رایگەیاند نایەوێت لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.
 
رامۆسی 39 ساڵان، براوەی مۆندیالی 2010 لەگەڵ ئیسپانیا و خاوەن چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید، رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاند، پاشئەوەی لە چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیی زستانەی مەکسیک لەگەڵ یانەکەی دەرکرا.
 
مەکسیک وەک زۆر وڵاتی دیکەی ئەمریکای لاتین، لە ساڵێکدا دوو پاڵەوانێتیی هەیە، پاڵەوانێتی سەرەتای وەرز و پاڵەوانێتیی کۆتایی وەرز.
 
رامۆس لە لێدوانی بۆ تەلەڤیزیۆنی مەکسیک، پاش شکستی تیپەکەی بەرامبەر تولوکا، گوتی ئەمە دوایین یاریی من بوو لێرە.
 
پێشتر میدیای مەکسیک ئاشکرایانکردبوو، رامۆس بڕیاریداوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێنەکاتەوە، لە کاتێکدا لە کۆتایی ئەم مانگەدا گرێبەستەکە کۆتایی دێت.
 
ئەگەرچی رامۆس تاوەکو ئێستا هەنگاوی داهاتووی خۆی ئاشکرانەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە ئەو کاپتنەی پێشووی ریال مەدرید، دەیەوێت بچێتە یانەیەکی ئەورووپا، تاوەکو هەلی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی داهاتوو هەبێت.
 
بەرگریکەرە ئیسپانییەکە، 27 یاریی بۆ مۆنتێریی ئەنجامداوە و شەش گۆڵی تۆمارکردووە، لەنێویاندا چوار گۆڵ لە مۆندیالی یانەکان کە هاوینی رابردوو لە ئەمریکا ئەنجامدرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە