حکومەتی سووریا لە دانوستاندنەکانی پاریس دەکشێتەوە

21   کاتژمێر پێش ئێستا  129 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی سووریا "هەڵوێستی تووند"ـی خۆی بەرامبەر بەو کۆنفرانسەی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە رێکخرا، راگەیاند و بە "گورزێکی"ـی راستەوخۆ لە هەوڵەکانی دانوستاندن وەسفی کرد.
 
هاوکات حکومەتی سووریا رەتیکردەوە بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک لە پاریس بکات و داوای گواستنەوەی سەرجەم گفتوگۆکانی بۆ دیمەشقی پایتەخت کرد.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتەوە بڵاویکردەوە، کە دیمەشق کۆنفرانسی حەسەکە بە "هەنگاوێکی نەرێنی" دەزانێت کە زیان بە پڕۆسەی دیالۆگ دەگەیێنێت و جەختیشیکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەک لە پاریس ناکات.
 
ئەو سەرچاوەیە داواشی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە کە پابەند بن بە هەوڵەکانی جێبەجێکردنی "رێککەوتنی 10ی ئادار" و بێنە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە.
 
هەروەها حکومەتی سووریا داوای لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە هەموو دانوستاندنەکان بۆ دیمەشق بگوازنەوە، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە دەبێت پایتەختی سووریا چەقی هەر چارەسەرێکی سیاسی بێت.
 
ئەم هەڵوێستەی دیمەشق لە کاتێکدایە کە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سووریا بەردەوامن و چارەنووسی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە