لێدوانی حەماس دوای بڕیاری ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە
2025-08-08
57 جار خوێنراوەتەوە
بزووتنەوەی حەماس ئیدارەی ئەمریکای بە بەرپرسیاری سەرەکی لە "تاوانەکانی ئیسرائیل" دانا بەهۆی "پشتگیریی سیاسی و سەربازیی" واشنتن بۆ تەل ئەڤیڤ. هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاو بنێن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ هەینی، بزوتنەوەی حەماس جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی "تاوانی لەناوبردن و برسیکردن"ی لە کەرتی غەززە لە ئەستۆدایە. حەماس دەڵێت، "تاوانەکانی ئیسرائیل نەیدەتوانی رووبدات ئەگەر گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەبوایە. بزووتنەوەکە دەڵێت ئەم پشتیوانییە سیاسی و سەربازییە وا دەکات ئەمریکا ببێتە "هاوبەشێکی تەواو لەو تاوانانەی لە غەززە ئەنجام دەدرێن".
حەماس داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە "هەنگاوی بەپەلە و کرداری" بنێن بۆ راگرتنی "پلانەکانی ئیسرائیل" و دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرکردە ئیسرائیلییەکان. بزووتنەوەکە ئاماژەی بە راپۆرتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بەڵگەی لەسەر ئەنجامدانی "تاوانی جینۆساید" لەلایەن ئیسرائیلەوە خستووەتەڕوو، و داوای کردووە کە دادگا نێودەوڵەتییەکان چیدی بێدەنگ نەمێنن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
هەروەها، حەماس رایگەیاندووە کە بەکارهێنانی زاراوەی "کۆنترۆڵ" لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبری "داگیرکاری"، هەوڵێکی "ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی یاسایی" بەرامبەر بەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات.
ئەمڕۆ هەینی، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسند کرد. نەتەنیاهوو رایگەیاند، لەدوای کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە، ئیدارەدانی غەززە دەدرێتە هێزێکی عەرەبی.
|