ئەستێرەیەکی گەورەی وەرزشی دوو مەرجی بۆ بارسێلۆنا داناوە

10   کاتژمێر پێش ئێستا  49 جار خوێنراوەتەوە

گۆڕانکارییەکی گەورە نزیکە لە بارسێلۆنا رووبدات و ئەستێرەیەکی جیهانی دوو مەرجی یەکلاکەرەوە دادەنێت پێش ئەوەی رازی بێت شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە!.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا زوو دەستی بە کارکردن کردووە لەسەر دۆسێیەی هێرشبەرە نوێیەکە، لەنێو ئەو باوەڕەی ناو یانەکەدا کە ئەم وەرزە دوایین وەرزی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەبێت، چونکە گرێبەستەکەی لە کۆتایی هاوینی داهاتوودا تەواو دەبێت. لەگەڵ دەرکەوتنی ئاراستەیەکی روون بۆ نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لیڤا، گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی ئاست بەرز بووەتە کاری لەپێشینەی یانەکە.
 
لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەدا، ناوێکی کتوپڕ وەک ئامانجی سەرەکی دەرکەوت، دوای ئەوەی راپۆرتەرۆژنامەڤانییەکان دووپاتیان کردەوە کە هاری کەینی ئەستێرەی ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بووەتە سەر لیستی داواکراوان بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی. لەگەڵ ئەوەشدا رێگاکە بەتەواوی کراوە نییە، چونکە هێرشبەرە ئینگلیزییەکە دوو مەرجی یەکلاکەرەوەی داناوە پێش گفتوگۆکردن لەسەر هەر رێککەوتنێک لەگەڵ خوان لاپۆرتا.
 
وەک سەرچاوەکانی نزیک لەو یاریزانە باسی دەکەن، مەرجی یەکەم پەیوەندی بە کاتەوە هەیە؛ کەین دەیەوێت گرەنتییەکی فەرمی پێش کۆتایی مانگی کانوونی دووەم بەدەست بگات، بەپشتبەستن بە بڕگەیەک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کە رێگەی دەدات بەبڕی نزیکەی 65 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بێت ئەگەر لە ماوەی زستاندا کارا بکرێت. ئەم ژمارەیە بە هەلێکی ناوازە دادەنرێت بۆ بارسێلۆنا تاوەکو گرێبەست لەگەڵ یەکێک لە دیارترین هێرشبەرەکانی جیهان بەو نرخە بکات.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە،  مەرجی دووەم بەتەواوی داراییە و گەورەترین ئاڵنگارییە، کە هاری کەین دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 بێت، واتا بۆ پێنج ساڵی دیکە، لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 20 ملیۆن یۆرۆ. ئەو پێیوایە ئەم مەرجانە لەگەڵ بەها هونەرییەکەی و توانای پێشکێشکردنی ئاستێکی جێگیر تاوەکو تەمەنی 37 ساڵی دەگونجێن.
 
هەرچەندە داواکارییە داراییەکان قورس دیارن، بەڵام رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی وەرزدا بارێکی گەورەی مووچەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش لەوانەیە دەرگە بۆ بارسێلۆنا بکاتەوە بۆ رازیبوون بە پڕۆژەی گرێبەستکردن لەگەڵ کەین، بەتایبەتی کە یانەکە وەک باشترین بژاردە دەیبینێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی هێرشبردنی تیپەکەی لە قۆناخی داهاتوودا.
 
لەنێوان خواستی یاریزانەکە و پەرۆشیی بارسا بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە، بڕیاری کۆتایی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە، لە یەکێک لە گەورەترین جوڵە چاوەڕوانکراوەکانی هاوینی 2026 لەنێو کامپ نودا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە