مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم کەی خەرج دەکرێت؟
17 کاتژمێر پێش ئێستا
82 جار خوێنراوەتەوە
هەرچەندە وا بڕیار بوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرسی رەوانەکردنی پارە بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم باس بکرێت بەڵام ئەو بابەتە نەخرایە ناو گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەوە بەوەش دیار نیە کەی پارەکە رەوانە دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەنکەدا باسی مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەشداریی نەکردووە و هێشتا لە دەرەوەی عێراقە و نەگەڕاوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیاکان زانیاری ئەوەیان بڵاوکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تەیف سامی وەزیری دارایی راسپاردبێت بە رەوانەکردنی پارە بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی کوردستان.
پێش کۆبوونەوەکەی حکوومەتی فیدڕاڵ، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: وردبینی کردنی لیستی مووچە تەواوکراوە و تەنیا واژۆی وەزیری دارایی ماوە.
یەکێک لەو کێشە بەردەوامانەی حکوومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ لیستی مووچەی هەرێمدا هەیەتی پرسی گەڕانەوەی داهاتی نانەوتی فیدڕاڵیی هەرێمە کە مانگانە بەردەوام کەم دەکات.
رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی و بڕی 48 دینارییان لە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی دە رۆژ بەسەر دوایین مووچەی دابەشکراوی فەرمانبەرانی هەرێم تێپەڕ بووە و ئەگەر سبەی بەغدا پارەکە رەوانە نەکات ئەوا هەفتەیەکی دیکە دوا دەکەوێت.
جیا لەوە، حکوومەتی عیراق بەهۆی دابەزینی بەهای نەوتەوە تووشی قەیرانی نوێی دارایی بووە و ئەوەش وایکردووە ناچار بێت دەست بۆ پارەی یەدەگ ببات.
نرخی بەرمیلێک نەوت لە یاسای بودجەی عێراقدا بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە بەڵام نرخی ئێستای بۆ ٦٦ دۆلار دابەزیوە.
دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەکات بەوپێیەی نە بەغدا و نە هەولێر هیچ کامیان خواستی خەرجکردنییان نیە.
|