بۆچی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم ڕاگیراون؟
16 کاتژمێر پێش ئێستا
115 جار خوێنراوەتەوە
پارتی و یەکێتی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیان راگرتووە و لە گفتوگۆدان بۆ چۆنیەتی بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دوایین دانیشتنی هەردوولا باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم نەکراوە بەڵکو تەنیا باس لە پرسی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی عێراق کراوە.
لە میدیا سێبەرەکانیانەوە وا بڵاوی دەکەنەوە هێشتا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و ناکۆکیان هەیە بەڵام ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن نیازی ئەوەیان هەبێت تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێ پێک نەهێنن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی بە فەرمی داوای لە پارتی کردووە بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکان بەڵام تا ئێستا پارتی وەڵامی یەکلاکەرەوەی نەداوەتەوە.
جیا لەوە، هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش کەوتوونەتە جموجوڵ بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بۆ هەڵبژاردنەکە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
بەوپێیەی ناکۆکی قوڵ و توند لە نێوان ئەو هێزانە هەیە و بەشێکیان گومانی ئەوەیان لەسەرە کە ژێر بە ژێر دەستیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی تێکەڵ کردبێت.
لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتییەکان بەرانبە بە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان فراوانتر بوون و دەنگی هەڵوەشاندنەوەی بەهێز بووە.
عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەوتووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
سکاڵاکەی عومەر گوڵپی پشتی بەوە بەستووە کە ماوەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تێپەڕبووە و پێویستە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.
هەرچەندە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پشت بە دەستوەردانە سیاسییەکان دەبەستن بۆیە پێشبینی ناکرێت لەم کاتەدا بڕیارێکی نەخوازراو دژی هەرێم بدات.
خواستی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە وا بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و داوا دەکرێت لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دووبارە بکرێتەوە.
پارتی و یەکێتی زیاتر لە دوو ساڵیان پێچوو تا توانیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن بەڵام زیاتر لە شەش مانگە بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕبووە و هێشتا نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن و لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ بگەنە ڕێککەوتن.
|