ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویى کوردستان
15 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
گەرچى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان نایانەوێ دان بەو راستییەدا بنێن کە هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و ئیدارییەوە لە قەیراندایە و خەریکە تووشى چەقبەستن دەبێت، بەڵام ئیعتراف نەکردنى ئەوان، ناکاتە ئەوەى یاریکردن بەکات، کوردستان لەو تەڵەزگەیە رزگاربکات کە پارتى و یەکێتی بۆ ئەزموونى باشوورى کوردستانیان دروستکردووە. لە رووى سیاسییەوە هیچ کات بە ئەندازەى ئێستا شێواو نەبووە، تەنانەت لەو سەردەمانەش کە شەڕى ناوخۆ هەبوو، دۆخى سیاسیی کوردستان وەک ئێستا لێکترازاو نەبوو، چونکە ئەوکات بە حوکمى جوگرافیا، دابەشبوونە سیاسییەکە وەک دوو بەرەى سیاسى بەسەر زۆنى زەرد و سەوز دابەش ببوون، واتا کوردستان لە رووى سیاسییەوە دوو بەرەو دوو ئاراستەى سیاسى بوو.
قۆناخى دواى ململانێى پارتى و یەکێتی کە هەلومەرج بەرەو رێککەوتنى ستراتیجى بردن، ئەوکاتیش پارتى و یەکێتى لە بەرەیەک و هێزە سیاسییەکانى دیکە وەک بەرەیەکى دیکەى ئۆپۆزیسیۆن لە گۆڕەپانى سیاسیی هەرێمدا کاریان دەکرد. وەلێ ئێستا کورد واتەنى (کەس بەکەس نییە) نە پارتى و یەکێتی کە هێشتا هاوبەشى حوکمڕانین، پێکەوە ماونەتەوە لە بەرەیەکى سیاسیدا، نە هێزەکانى دیکەش وەک سەردەمى شەڕى ناوخۆ بەسەر دوو ئاراستە جیاوازەکەى پارتى و یەکێتیدا دابەش بوون و نەخۆشیان لە بەرەیەکى دیکەى سیاسیدا رێکخستووە تا هیچ نەبێت وێناکە وەک سێ کوچکەیەکى سیاسى لێبێت. پارتى و یەکێتی ئاراستەکانیان روون و ئاشکرا دیارە هەریەکە و روو لە دۆڵێکە، هێزە سیاسییەکانى دیکەش پەرتەوازە و سەرگەردانن. سەربارى ئەوەى هەمووشیان باس لەوە دەکەن ناوچەکە روو لە پێشهات و گۆڕانکارى و ئاڵنگارى گەورەیە و هاوهەڵوێستی و یەکڕیزى کورد دەخوازێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى دڵخۆشکەر نییە ئەم پاشاگەردانى و ناکۆکى و ململانێیە لە شوێنێکدا بگاتە خاڵى کۆتایى.
لە رووی ئیداریى و حوکمڕانیشەوە جگە لەو دەردە گەورەیەى سێ دەیەیە نەیانتوانى لەسەر دەستوورێک بۆ ئیدارەدانى باشوورى کوردستان رێککەون، وا یەکەیەکە کۆڵەکەى رەوایەتى دامەزراوەکانى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بنکۆڵ دەکرێت و دادەڕووخێت. ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک دامەزراوەیەکى شەرعى بۆ سەرپەرشتیی پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، بە بڕیارى بەغدا هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە بڕیارى دادگە بەناو فیدراڵییەکەى عێراقی عەرەبی، شەرعیەتى لێسەندراوەتەوە و پارتى و یەکێتی هیچ مەیل و ئارەزوویەکیان نییە بۆ دروستکردنەوە و رەوایەتى پێدانەوەى. پەرلەمانى کوردستان وەک چەتر و ناسنامەى شەرعى و دەستووریى قەوارە تاقانەکەى کورد لەسەر گۆى زەوى، ئەویش هەر لە لایەن دادگەکەى بەغداوە هەڵوەشێندرایەوە، سەرەڕای پەرۆشیی گەلى کورد بۆ رەوایەتى پێدانەوەى، زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕى بەسەر پرۆسەى هەڵبژاردندا بۆ دروستکردنەوەى پەرلەمان، کەچى هێشتا نەیانتوانیوە ئەم دامەزراوە گرنگەش بەگەڕبخەنەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش وەک دوو دەزگاى بەڕێوەبردن کە شەرعیەتیان لەلایەن گەلى کوردستانەوە بۆ چوار ساڵ پێدراوە، ئەوە وا نزیک دەبێتەوە لەوەى چوار ساڵى دیکەش بە ناشەرعى بچێتە سەر تەمەنیان، ئەم دوو حیزبە لە خەمى نوێکردنەوەى رەوایەتییەکەیدا نین.
بەهێزیی هەر دەسەڵاتێک لە رەوایەتى سەرچاوەکەیدایە، خەڵکى کوردستان سەرچاوەى شەرعیەتپێدانى دام و دەزگا حوکمڕانیەکانى هەرێمى کوردستانن. گەرچى چەند ساڵێکە نائومێدى خەڵک بەپرۆسەى سیاسی وایکردووە هێزى ئەو سەرچاوە میللییەش بکەوێتە ژێر پرسیارەوە و کەمتر لە نیوەى وەک پشت و پەناى رەوایەتى دەسەڵاتى خۆبەڕێوەبەرى کورد بمێنێتەوە. بەدیاریکراوى نەدەبوو پارتى و یەکێتی هێندە بێباک و بێدەربەست بن لە ئاستی متمانەى ئەو نیوە پشتیوانییەى گەلەکەیان کە هێشتا لەپشتیان ماونەتەوە.
بەڵام ئەزموونى تاڵى ئەم ماوەیەى دواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەو هیوا و ئومێدانەى هەبوون بۆ بەگەڕخستنەوەى ئەم دامەزراوەیە، دواى زیاتر لە شەش مانگ لە هەڵبژاردن و رەوایەتى و مەشروعیەتى دروستکردنەوەى پەرلەمان، هێشتا نە ئەم دوو هێزە سەرەکییە هەستى بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و نیشتمانییان بە ئەندازەى ئەوە جوڵاوە بۆ رەوایەتیدانەوە بە دەسەڵاتە حیزبییەکانى خۆیان، پەرلەمان بەگەڕبخەنەوە. پەرلەمانتارانیش کە خەڵک بۆ ئەرکێکى گرنگى قۆناخى دواى هەڵوەشانەوەى پەرلەمان، بۆ بونیاتنانەوەى ئەم دامەزراوەیە متمانەى دەنگیپێداون، ئەمانیش نەیانتوانیوە لە بازنەى وابەستەیى و سەردەمى نوێى کۆیلایەتى خۆیان دەربازبکەن و لە ئاستى متمانەى دەنگدەرەکانیان بن، ئازایەتیی ئەوە بنوێنن لەو بازنەیە خۆیان دەربازبکەن و بچنە سەر کارەکانیان لە پەرلەمان.
ئەم هەڵوێستە خراپەى پەرلەمانتاران کە ئامادەنین بچن پەرلەمان بەگەڕبخەنەوە، جێى تێڕامانى قوڵە بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگەى کوردى و ئاستى وابەستەیی و کۆیلایەتیی نوێى سەردەم. رەنگە لە ساڵانى داهاتووى دواى بە ئاگاهاتنەوەى کۆمەڵگە، تێگەیشتن لەم نوخبەیە پێویستى بە چەندین لێکۆڵینەوە و نامەى زانستى دکتۆرا بێت. گەرچى وەک جۆرێک لە بێدەنگکردنى خەڵک و دروستکردنى هیواى بێبنەما، پارتى و یەکێتى خەریکى کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەکن بۆ رەوایەتیدانەوە بە دەسەڵات و بەگەڕخستنەوەى پەرلەمان، بەڵام بۆ کەسانى هۆشیار، پرۆسەکە روون و ئاشکرا دیارە کە تەنیا یاریکردنە بەکات. ناتوانن لەو تەڵەزگەیە خۆیان دەربازکەن کە خۆیان بۆ خۆیان و بۆ گەلى کوردستانیشیان دروستکردووە.
کورد دەڵێت گرێیەک بەدەست نەکرێتەوە دەبرێت بۆ دەم، ئەمان کردنەوەى گرێکە دەبەن بۆ بەغدا، دەیانەوێ پرۆسەى شەرعیەتدانەوە بە پەرلەمانى کوردستان ببەستنەوە بەو ناوەندەوە کە شەرعیەتەکەى لێزەوتکردن. چاوەڕێن و یارى بەکات دەکەن بۆ نزیکبوونەوە لەوەى هەڵبژاردنى عێراق بکەن بە پاساو و بیانووى پێکنەهێنانەوەى حکومەت و پەرلەمان سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان و دواتر بیبەستنەوە بە پێکهێنانى دامەزراوەکانى بەغداوە. لە پرۆسەى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستاندا نیوەى خەڵکى کوردستان متمانەى پێداون بۆ ئەوەى شەرعیەت بداتەوە بە دامەزراوەکانى حوکمڕانیی کوردستان. چى رەوایەتییەک دەمێنێتەوە کە ئێوە ئامادەى وەرگرتنى ئەو متمانە و رەوایەتییە نەبن و بتانەوێ بیبەستنەوە بە رەوایەتیی دامەزراوەکانى بەغداوە کە هیچ ئاماژە و دڵنیاییەکیش نییە دواى ئەوەش بتوانن بەسەر ناکۆکى و ململانێکاندا زاڵبن.
نابێت هێزە سیاسیەکانى دیکەى هەرێمی کوردستان ئەگەر چەند قەبارە و پێگەیان لە پارتى و یەکێتى کەمتریش بێت، ئەم یاریکردنە بە چارەنووس و رەوایەتیی دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان قبووڵ بکەن. ئەگەر ناشتوانن هیچ لە هاوکێشەکە بگۆڕن بەوەى پەرلەمانتارانى خۆیان بنێرن بۆ دەوامى ئاسایى و رۆژانە لە بیناى پەرلەمان، با هیچ نەبێت گوشار بکەن بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، هاوکات لەگەڵ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا.
لە هەموو دونیادا هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەکرێت بتواندرێت بەهۆیەوە پەرلەمان و حکومەتى نوێ پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەش بەپێى یاسا و رێسا دەستوورییەکان کات و ماوەى دیاریکراو هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت کە لەو وادەیە تێپەڕی، پێویستە پەنا بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن ببرێت بۆ سەرلەنوێ پێدانەوەى رەوایەتى بە هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەى بتوانن حوکمڕانى بگرنە دەست. ئەم خولەى هەڵبژاردنى پەرلەمان، جۆرێک لە چەقبەستنى دروستکردووە کە هێزەکان نەتوانن کابینەى نوێ پێکبهێنن، چارەسەر ئەوە نییە ئەم پرۆسەیە بەقەدەر بسپێرن، ناشبێت ببەسترێتەوە بە میزاجى حیزبەکانەوە، کەى کابینەى نوێ پێکدەهێنن.
باشترین بژاردە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویى سیاسى و ئیدارى هەرێمى کوردستان کە خۆى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و یاساى هەڵبژاردنى نەماوە و مەحکومە بەوەى بە کۆمیسیۆن و یاسا و رێساى بەغدا هەڵبژاردن بکات، چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنى بەغدا، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دووبارە بکاتەوە. هەروەها دەرفەتیشە ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش زیندوو بکاتەوە. دەتوانێت لە یەک کاتدا ئەو پرۆسەیەى بڕیار وایە پاش شەش مانگى دیکە لە عێراق ئەنجام بدرێت بۆ پەرلەمان، لە هەرێمى کوردستان بکرێت بە یەک پاکێج، خەڵک دەنگ بۆ پەرلەمانى عێراق و کوردستان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش بدات، ئەگەر دەتانەوێ دەسەڵات و دامەزراوەکانى حوکمڕانیی هەرێمى کوردستان زیندوو بکەنەوە و شەرعیەت لە خەڵکەوە وەربگرێت.
عارف قوربانی نوسیویەتی..
|