لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چی روو دەدات؟
17 کاتژمێر پێش ئێستا
181 جار خوێنراوەتەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئاستی باڵا لە هاوینەهەواری دووکان کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بە بەشداری کەسی یەکەمی هەردوولا بەڕێوەچوو و بێ هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.
ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بوو بەڵام دیار نیە بە چ ئەنجامێک گەیشتوون.
بە گوێرەی دیمەنی کۆبوونەوەکە بێت، هەردوولا خۆشحاڵ و کەیف خۆش دەردەکەون پێچەوانەی ئەو لێدوانە گرژانەی کە لە کۆڕ و دیدارەکاندا دژی یەکتر دەیدەن! بە تایبەت بافڵ تالەبانی و قوباد تاڵەبانی لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشی توندیان کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان.
دوای کۆبوونەوەکە، میدیا سێبەرەکانی یەکێتی وا بڵاویانکردەوە کە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان.
بە گوێرەی زانیاری ئەو میدیایانە بێت، پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە بەرکەوتەی هەڵبژاردن بکرێتە بنەمای دابەشکردنی پۆستەکان بەڵام یەکێتی ئەوەی رەتکردووەتەوە.
شاندی یەکێتی ئەوەیان وتووە ئەوان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی پۆستەکان دابەش ناکەن بەڵکو پێگەی سیاسی و سەربازی حیزبەکەیان دەکەنە بنەمای دابەشکردنی پۆستەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندی یەکێتی داوای پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم، وەزیری ناوخۆی کردووە بەڵام هەردوو داواکارییەکە رەتکراونەتەوە و پارتی ئامادە نیە هیچ کام لە سەرۆکایەتییەکان جگە لە سەرۆکی پەرلەمان بداتە یەکێتی.
هاتوچۆی شاندەکانی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە بەڵام تا ئێستا ئەو دوو حیزبە هەر لە گفتوگۆدان و نەیانتوانیوە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بگەنە رێککەوتن.
پێشتر زانیاری ئەوە بڵاوبوویەوە کە هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بەڵام بەهۆی دەستوەردانی ئێرانییەکانەوە راگەیاندنی پێکهێنانی کابینەکە دواکەوتووە.
هەرچەندە پێکهێنان و پێک نەهێنانی کابینەی نوێ کاریگەری ئەوتۆ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروست ناکات چونکە لە بنەڕەتدا حکوومەت بە گوێرەی یاسا کار پێکراوەکان کار ناکات و دەسەڵاتەکان بە گوێرەی یاسا دابەش نەکراون.
ئەوەتا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە حکوومەت وادەکەی بەسەر چووە بەڵام کاروبارەکانی لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بەردەوام بەڕێ دەکرێن و تەواوی دەسەڵاتەکانیشی لە خەرجکردنی سامانی گشتی بەکار دەهێنێت.
بۆیە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەکە کاریگەری لەسەر دۆخی خەڵکی کوردستان دروست نەکردووە.
|