وەزارەتی پێشمەرگە: فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ زیاتر لە 9 هەزار پێشمەرگە دەرچوو
2025-02-13
93 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فەرمانی وەرگرتنی زەوی بۆ زیاتر لە نۆ هەزار پێشمەرگە، فەرمانبەر و خانەنشینی وەزارەتەکە دەرچووە.
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ٧ڕۆژی وت: "پێدانی زەوییەکان بەگوێرەی رێنمایی و فەرمانەکانی وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستانە و هەمان ئەو مەرجانەی بۆ فەرمانبەر پێویستە بۆ پێشمەرگەش هەمان شێوەیە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "دوای نووسراوی گشتاندنی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (8720 لە 12-06-2024) تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینان بە پێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2024 تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، وەزارەتی پێشمەرگە لە گەڕی دووەمی پڕۆسەکەدا لە کۆی ئەو 18 هەزار و 879 ناوەی کە بە دوو کاروان رەوانەی وەزارەتی شارەوانی کرابوو، ناوی 9 هەزار و 165 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە فەرمانی تەرخانکردنی زەویان بۆ دەرچووە".
بە گوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوی ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی زەوی هاتووەتەوە بە گوێرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەمشێوەیەیە:
- سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 114 کەس
- سنووری پارێزگای هەڵەبجە 18 کەس
- سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین 490 کەس
- سنووری پارێزگای سلێمانی 627 کەس
- سنووری پارێزگای هەولێر 3899 کەس
- سنووری پارێزگای دهۆک 2413 کەس
- سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 48 کەس
- سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 1544 کەس
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە تاوەکو ئێستا فۆڕمەکانیان تەواو نەکردووە پەلە بکەن لە رێکخستن و بە داتاکردنی فۆڕمەکانیان".
|