تمەنی ئێرانی چۆن گیرفانی بازرگانانی هەرێمی کوردستانی هەڵتەکاندووە؟
2025-04-15
1369 جار خوێنراوەتەوە
تمەن و دراوی ئێرانی بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی تۆمارکرد و بەهاکەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر لەسەدا پەنجا بەرزبوویەوە بەوەش بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی مامەڵە بەو دراوەوە دەکەن تووشی زیانێکی گەورە بوون.
ماوەی چەند ساڵێکە بەهای تمەنی ئێران بەرانبەر بە دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە، بەهای هەر دۆلارێک تا ١١٠ هەزار تمەن گەیشت، ئەم داڕمانە وایکردووە مامەڵەکردن بە تمەنەوە لە بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان پەرە بسێنێت، بە تایبەت لە بازاری دراوی سلێمانی.
بازاڕی دراوی سلێمانی رۆژانە جمەی لەو کەسانە دێت کە مامەڵە بە تمەنەوە دەکەن، لەم چەند رۆژەدا بەهۆی ئەو دابەزین و بەرزبوونەوە لەناکاوانەی تمەن ئەنجامی داون دەیان کەس تووشی زیانی ماددی گەورە بوون.
دوای چەند ساڵێک لە دابەزینی بەردەوام، بە جارێک بەهای تمەن بەرزبوویەوە و هەر دۆلارێک بەرانبەر بە شەش هەزار و پێنج سەد بۆ حەوت هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا پێشتر بە نزیکەی ١١ هەزار تمەن بوو.
ئەم بەرزبوونەوە لەناکاوە زیانی گەورەی لە زۆرینەی ئەو کەسانە داوە کە مامەڵەیان بەو دراوە کردووە.
ئەمە یەکەمجار نیە تمەنی ئێرانی بازرگانانی دراو تووشی زیانی گەورە دەکات، هەرچەندە ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بازرگان بەهۆی مامەڵە بەو دراوەوە ئیفلاس بوون و تەواوی سەرمایەکەیان لەو مامەڵەیەدا داناوە.
ئێرانییەکان بەهۆی ئەو سزا ئابووریانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریاندا سەپێنراوە ناچارن بە رێگای قاچاخ دۆلار بەدەست بخەن، هەرێمی کوردستانیش بازاڕێکی گەرمی پەیداکردنی دۆلارە بۆیان.
پارەیەکی یەکجار زۆری تمەن رۆژانە دەهێنرێتە ناو هەرێمی کوردستان و دەکرێتە دۆلار و دواتر بەرەو ئێران دەگوازرێتەوە.
ئەم مامەڵەیە کاریگەری گەورەی لەسەر بەهای دیناری عێراقیش دروستکردووە و ماوەی چەند ساڵێکە رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کردووەتەوە.
گۆڕانکارییەکانی ئێستای تمەن لە کاتێکدان، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە دەستیان پێ کردووە.
هەردوولا گەشبینی خۆیان بەرانبەر بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان نیشانداوە ئەوەش وایکردووە بەهای تمەن لە بازاڕەکان بەرزبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|