عێراق بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟
2025-04-12
211 جار خوێنراوەتەوە
دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت دروستکردووە بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن.
دوای زیاتر لە چوار ساڵ نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بۆ سنوورەکانی ٦٠ دۆلار دابەزی ئەوەش نیگەرانی لای حکوومەتی عێراق دروستکردووە و کورتهێنانی گەورە لە بودجەی ئەمساڵیدا دروست دەکات.
زیاد بوونی کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی حکوومەت بە گشتی و مووچە بە تایبەتی دەبێت.
ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیە، عێراق لەمەودوا کێشەی زیاتر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست بکات و بە بیانووی جیاوازەوە پارە رەوانە نەکات.
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، حکوومەتی فیدڕاڵی دوای هەشت ساڵ بۆ یەکەمجار ناچاربوە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی دەست بۆ پارەی یەدەک ببات.
بە گوێرەی داتاکانی حکوومەتی فیدڕالی عێراق مانگانە نزیک بە ترلیۆنێک دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی هەولێر دەکات، ئەو پارەیە لە بەرانبەر نیوەی داهاتە نانەوتییە فیدڕالییەکانی هەرێمە کە مانگانە و لە باشترین دۆخیدا نەگەیشتوەتە ١٠٠ ملیار دینار.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی رۆژانە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنت و بە قاچاخ ساغی دەکاتەوە بەڵام دیار نیە داهاتەکەی چی لێ دەکات، بۆیە ماوەی دوو ساڵە بەردەوام چاوی لە بەغدایە تا پارەی مووچە رەوانە بکات.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا عێراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانە کردووە، بەڵام ناو بە ناو بیانووی جیاوازی هێناوەتەوە و کێشەی بۆ رەوانەکردنی پارە دروستکردووە، لە هەندێک باردا تا سێ مانگ دوای خستووە.
بە بڕوای شارەزایان دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی حکوومەتی فیدڕاڵ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت.
بە تایبەت لە کاتێکدا کە هەرێم وەک پێویست ئامادە نیە بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی بەغدا و رێککەوتن لەسەر دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکات.
دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندی بەو هەنگاوانەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی جەنگی ئابوری لەگەڵ چین و وڵاتانی دیکە گرتوونیەتە بەر، لە ئەگەری بەردەوامبوونیان کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ئابووری جیهان دادەنێن.
|