لاهور شیخ جەنگی بە نهێنی سەردانی تارانی کردووە

2025-04-08  465 جار خوێنراوەتەوە

لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بە نهێنی سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون، مانگی رابردوو لاهور شێخ جەنگی سەردانێکی نهێنی بۆ تاران ئەنجام داوە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

سەردانەکەی لاهور شێخ جەنگی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا بووە و دوور لە چاوی میدیا ناوخۆییەکان ئەنجامی داوە.

میدیایەکی ئێران بۆ یەکەمجار زانیاری لەبارەی سەردانەکەی لاهور شێخ جەنگییەوە ئاشکرا کردووە باسی لەوە کردووە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، جەخت لە بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بواری سیاسی و ئەمنی و ناوچەییدا کراوەتەوە.

بە گوێرەی میدیا ئێرانییەکە، لاهور شێخ جەنگی وەک برازای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانی پێشوازی لێکراوە.

پێشتر لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە، کە ئێرانییەکان ئامادە نین لاهور شێخ جەنگی لە دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی قبوڵ بکەن و هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەو حیزبە داوە.

دیار نیە ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی حیزبەکەی و ئێرانییەکان بووە یان پەیامێکی تایبەتی بە ئێرانییەکان گەیاندووە، بەو پێیەی سەردانەکە دوای چەند هەفتەیەک لە گەڕانەوەی لە ئەمریکا ئەنجام دراوە.

نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی بەرەی گەل هیچ زانیارییەک لەسەر سەردانەکە ئاشکرا ناکەن، ٧رۆژ پەیوەندی بە ژمارەیەک لە کەسایەتییە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی کرد بەڵام لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەوە هیچ زانیارییەکان نەدرکاند.

لاهور شێخ جەنگی دوای رووداوەکانی ٨ی تەمموزی ناو یەکێتی نیشتمانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی و قوباد تاڵەبانی برایەوە لەناو یەکێتی دوورخرایەوە.

دواتر هێزێکی سیاسی بەناوی بەرەی گەلەوە دامەزراند و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان توانی ٣ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

دوای رووداوەکانی ٨ی تەمموز، تا ئێستا چەند جارێک بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کۆبوونەوەی دوو قۆڵییان ئەنجام داوە.

ئەم سەردانەی لاهور شێخ جەنگی بۆ تاران هاوکاتە لەگەڵ ژمارەیەک گۆڕانکاری کە یەکێتی ئێستا دەستی داوەتێ لەوانە هەڵبژاردنی جێگرێک بۆ سەرۆکی یەکێتی و گۆڕانکاری کردن لە ژمارەیەک بەرپرسی دامەزراوەکانی ئەو حیزبە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە