دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چۆن پەرلەمانی کوردستانیان داخستووە؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

بێدەنگیی دەسەڵات و شکستی ئۆپۆزسیۆن، دوو ساڵە پەرلەمانی قوفڵ کردووەو پەکی خستووە

دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تیپەڕ دەبێت، لە جیاتی ئەوەی ساڵیادی دەستپێکردنی کاری یاسادانان و چاودێریکردن بکرێتەوە، کەچی دەبێت.. پەککەوتن، بێدەنگی و مایەپووچیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان باسی لێوەبکرێت..

دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی کوردستان واتە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، درێغییان نەکردووە لەوەی پەرلەمان وەک دامازراوەی سەرەکیی چاودێری و لێپرسینەوە پەکخەن.. ئەوان نەیانتوانی و نەیانویست لە پێناو پۆست و پەرژەوەندییەکانیان ڕێگە بدەن خولی نوێی پەرلەمان کارابکرێتەوەو کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێندرێت.

هەرچەند بۆ دەسەڵات و حکومرانی یەکێتی و پارتی، پەرلەمانێکی بێدەنگ و داخراو و بێ بڕیار زۆر باشترە لە پەرلەمانێک کە جاروبار دەنگێکی هەبێ و باس لە گەندەڵی و کەمکوڕییەکان بکات.

ئەی با بزاین ئۆپۆزسیۆنەکان خەریکی چیین؟

لە لایەکی ترەوە، هێزو لایەنەسیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، ئەوانەی خۆیان بە ئۆپزسیۆن دەزانن و لە هەڵبژاردنەکاندا بە دروشمی گۆڕانکاری، چاکسازی و بێنرخکردنی کورسیی دەسەڵات هاتنە مەیدان، نەک نەیانتوانی بێنە ئاستی چاوڕوانیی داواکارییەکانی خەڵک و شەقامەوە بەڵکو خۆیان خەریکی سوڵح و ئاشتەوایی نێوان یەکێتی و پارتین.. بەشێکیشیان بوونەتە برا و هاوکار و پاڵپشتی یەکیتیی نیشتمانی کوردستان و موو بە بەینیا ناچێت.. بەشەکەی تریشیان تەنها سەرقاڵی بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و قسەکردنن..

 ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکیتیی، لە ماوی ئەم دوو ساڵەدا، نە بوون بە دەنگی خەڵک و نە توانیان فشاری راستەقینە دروست بکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەڵکو خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخە دواکەوتووەدا گونجاند و تەنها بوون بە بینەرێکی بێدەنگ لە سیناریۆی دابەشکردنی دەسەڵات و پشکدا.

بەلام ئەوەمان بیر نەچێت.. مێژوو ئەم دوو ساڵە وەک سەردەمی سڕبوون و بێسەروبەریی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات، کە تێیدا نە دەسەڵات بەرپرسیار بوو و نە ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارە قسە گەورەکانیشیان خاوەن هەڵوێستێکی نیشتمانیی بوون و بێدەنگ و بێ دەوام سەرقاڵی وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتەکانیانن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە