تین هاگ بۆ یەکەمجار نهێنیی ناکۆکییەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات
47 خولەک پێش ئێستا
15 جار خوێنراوەتەوە
ئێریک تین هاگ، راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد دوای دوو ساڵ لە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، لە چاوپێکەوتنێکدا پەردەی لەسەر بەڵێنەکانی کارگێڕیی یانەکە، کەشوهەوای ژەهراوی ژووری جلگۆڕین، ناکۆکییەکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هۆکارەکانی شکستهێنانی گواستنەوەی هاری کەین و فرێنکی دییۆنگ لادا.
تین هاگ لە هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد هێشتا خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مانچێستەر یونایتد هەیە و وەک هاندەرێک سەیری یانەکە دەکات. لەبارەی مایکڵ کاریکی راهێنەری ئێستای یانەکە وتی "دوورخستنەوەی کاریک بە رێژەی 100٪ چارەسەر نییە، هاندەران بە سۆزەوە داوای ئەوە دەکەن، بەڵام دەبێت بڕیاری ژیرانە بدرێت و کاتی پێویستی پێبدرێت تاوەکو پرۆسەکەی تەواو بکات".
راهێنەرە هۆڵەندییەکە باسی لە کۆبوونەوەی هاوینی 2024 کرد لە دوورگەی ئیبیزا دوای بردنەوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر مانچێستەر سیتی و رایگەیاند"لە ئیبیزا بەڵێنی وەفاداری، پشتیوانی و هەماهەنگی تەواویان پێدام، بەڵام بەڵێنەکانیان نەبردەسەر، یەکێک لە بەڵێنەکان مانەوەی سکۆت ماکتۆمینای بوو، بەڕوونی پێم وتن ئێمە کێشەی گۆڵکردنمان هەیە و ناتوانین دەستبەرداری ببین، کەچی لە کۆتاییدا فرۆشتیانە ناپۆلی بە 30.5 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش تووشی بێئومێدییەکی گەورەی کردم". تین هاگ روونیکردەوە کە دوورخستنەوەی لە 28ـی مانگی 10ـی 2024 بڕیارێکی سەیر بوو چونکە تیپەکە هێشتا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا مابووەوە، هەروەها هەستی بەوە کردبوو لە یارییەکەی بەرامبەر فێنارباخچەی جۆزێ مۆرینیۆ لە ئیستەنبووڵ پلان بۆ دوورخستنەوەی داڕێژراوە.
تین هاگ باسی لە هاتنی سێر جیم راتکلیف کرد و رایگەیاند گۆڕانکارییەکان جەنجاڵی و بێمتمانەییەکی زۆریان دروستکردبوو، دەشڵێت "کارگێڕیی یانەکە بەردەوامییان بە کولتوورە ژەهراوییەکەدا و دەسەڵاتیان بەخشییە یاریزانان لەبری راهێنەر، کاتێک سزای تەمبێکردنم بەسەر یاریزانانی وەک جەیدۆن سانچۆ و مارکوس راشفۆرد دەسەپاند، لەلایەن کارگێڕییەوە پشتگیری نەدەکرام".
سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تین هاگ هۆکاری کێشەکانیانی ئاشکراکرد و وتی "رۆناڵدۆ پشتی تیپەکەی بەردا و پشتی منی بەردا، چونکە ئێمە بە بوونی ئەو پلانمان داڕشتبوو، پێش ئەوەی بێمە مانچێستەر چوومە پۆرتوگال و قسەم لەگەڵ کرد، ئەو یەکێکە لە باشترینەکانی مێژوو بەڵام لەو کاتەدا نەیدەتوانی لەنێو یاریگەدا رابکات و توانای جەستەیی ئامادە نەبوو، هەروەها لە مەشقەکاندا بە یاریزانەکانی دەگوت قاچەکانتان بپارێزن و خۆتان ماندوو مەکەن". تین هاگ ئاماژەی بەوەش کرد ئەستێرەکانی پێشووی ریال مەدرید وەک رۆناڵدۆ، کاسیمیرۆ و رافایێل ڤاران دەسەڵاتێکی زۆریان لە ژووری جلگۆڕیندا هەبوو و دەیانویست بەو شێوازە یاری بکەن کە لەگەڵ خۆیاندا دەگونجێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تین هاگ باسی لە گواستنەوەی یاریزانان کرد و ئاماژەی بەوەکرد"سەرەتا داوای فرێنکی دی یۆنگم کرد بەڵام دوای چەندین هەفتە دانوستاندن نەهات، پاشان داوای دیکلان رایسم کرد بەڵام وێستهام رەتیکردەوە پێش ئەوەی بچێتە ئارسیناڵ. لە هاوینی 2023 تەنیا یەک ناوم دەویست ئەویش هاری کەین بوو، کەین خۆیشی ئەرێنی بوو بەرامبەر هاتن بۆ مانچێستەر، بەڵام کارگێڕی بە بیانووی دارایی رەتیانکردەوە و دواتر چووە بایرن میونشن، لە کاتێکدا تیپەکە پێویستی بە ئەستێرەی پێگەیشتووی وەک کەین و رایس هەبوو". تین هاگ ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵی گواستنەوەی دانی وێلبێک و برایان برۆبیشیان دابوو بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەڕێوەبردنەوە گرێبەستەکان تەواو نەکران.
ئێریک تین هاگ لە ماوەی راهێنەرایەتیکردنی مانچێستەر یونایتد جامی کاراباو و جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، بەڵام دوای دەستپێکێکی خراپ لە وەرزی 2024-2025 و مانەوە لە پلەی چواردەهەم بە 11 خاڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئێستا وەک بەڕێوەبەری وەرزشیی لە یانەی توێنتی هۆڵەندی کار دەکات.
|