"مووچەی زیندانیانی سیاسی دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار"
45 خولەک پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و لەدوای پەسەندکردنی بودجەی 2027ـەوە مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە 500 هەزار دینارەوە دەبێتە 1 ملیۆن و 200 هەزار دینار.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم بە میدیای پارتی وت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران زۆر رژدن لەسەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان.
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و تەنیا دیاریکردن و دەستنیشانکردنی زەوییەکان ماوە، داواشی کرد هەرکەسێک کێشەی لە ناوەکەیدا هەیە سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکات.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، روونی کردەوە بەگوێرەی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 خزمەتگوزارییەکان بۆ زیندانیانی سیاسی کراونەتە دوو بەش؛ بەشێکیان هاوکاری داراییان بۆ خەرج کراوە و پرۆسەکە بۆ بەشەکەی دیکەش بەردەوام دەبێت.
لەبارەی پرسی یەکخستنی مووچە و شایستەکان، وتیشی دوو لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی حکوومەتی عێراق هەیە. ئاماژەی بەوەش دا لە کاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق داوای کردووە شایستە داراییەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان وەک بەغدای لێ بکرێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود روونی کردەوە، لایەنی ئیداری و کارگێڕی رێکخراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەپێی پێشنیازی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا بڕوات.
جەختیشی کردەوە، ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە بەغدا ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام لەدوای پەسەندکردنی بودجەی 2027ـەوە و لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێویست، مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبێتە 1 ملیۆن و 200 هەزار دینار. لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە وەزارەت بە هەموو توانایەوە لە هەوڵدایە بۆ تەواوکردنی ئەو مافە داراییە رەوایانەی کە ماون و پرۆسەکە بە شێوازێکی رێکوپێک بەڕێوە دەچێت.
|