کەشتییەک لە بەندەری فاوی عێراق کرایە ئامانج

1     کاتژمێر پێش ئێستا  62 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی لە باشووری رۆژهەڵاتی بەندەری فاو لە عێراق کرایە ئامانج.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، رووداوەکە لە دووریی 30 میل دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی فاو تۆمارکراوە.

کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاند، "کەشتییەکە بە مووشەکێک پێکراوە". هاوکات دەستەکە دڵنیایی دا، سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی یان ژینگەیی لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا رووی نەداوە.

لە وەڵامی ئەو رووداوەدا، دەستەی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا داوای لە کەشتییەکانی دیکە کرد بە هۆشیارییەوە لەو ناوچەیە تێپەڕن و هەر چالاکییەکی گوماناوی بە خێرایی بە دەستەکە رابگەیەنن. لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی وردەکارییەکانی ئەم رووداوە دەستپێکردووە.

تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی عێراق وردەکاریی زیاتریان لەسەر زیانەکانی هێرشەکەی سەر کەشتییەکەی بەندەری فاو و ئەنجامدەرانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە تاوەکو هۆکار و پشت پەردەی ئەم پێشهاتە ئاشکرا بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە