پارتی و یەکێتی کابینەی نوێ دەخەنە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق؟
2025-04-10
311 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاری کرد و پارتی و یەکێتیش هێشتا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیان رانەگەیاندووە، هەوڵ هەیە راگەیاندنی کابینەکە بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت بەوەش ماوەی حەوت مانگ بۆ هەڵبژاردنەکە ماوە تا بەڕێوەبچێت.
دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگە لە هەڵبژاردنەکەدا بە تایبەت یەکێتی نیشتیمانی نایەوێت بە ریککەوتنی لەگەڵ پارتی دەنگەکانی لەدەست بدات.
هەرچەندە دەنگدان لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی نەیتوانی کاریگەری لەسەر حیزبە چەکدار و دەسەڵاتدارەکان دروست بکات بەڵام ترسی ئەوەیان هەیە ئەو دیزاینانەی پێشوەخت دیاریان دەکەن وەک خۆی دەرنەیەت.
یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر بەڵێنی بە دەنگدەر و لایەنگرانی دابوو، لە رێگەی سەرۆکی حیزبەکەیەوە بانگەشەیەکی توندی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست پێ کردبوو کەچی هێشتا کابینەکە پێکنەهێنراوە لە زۆرینەی بەڵێنەکانی پاشگەزبووەتەوە بۆیە ترسی ئەوەی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڵێنێکی بەدەستەوە نەبێت تا خەڵکی پێ بباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لەلایەکی دیکەوە، فشاری توندی ئەمریکا لەسەر پارتی و یەکێتی دروستبووە کە لە زووترین کاتدا کابینەکەیان رابگەیەنن بەڵام تا ئێستا هەر جارە و بە بیانوویەک دواخراوە.
هاوکات مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە پارتی و یەکێتی کرد بە زووترین کات کابینەی نوێ رابگەیەنن.
لەگەڵ ئەوەی یەکێتی بە پشکی خۆی لە کابینەکە رازی نیە، بەڵام بە دابەشكردنی پۆستەکان رازی بووە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆش بەسەر هەیکەلی سەرەکی حکوومەتدا نەهاتووە، ئەوەش بە گوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە شاندی دانوستانکاری یەکێتی.
ئەو سەرچاوەیە بە ٧رۆژی وتبوو بەمزوانە کابینەکە رادەگەیەنرێت بەڵام خواستی ئەوەیان هەیە بخرێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
نزیک بە شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە کەچی تا ئێستا نەک هەر کابینەی حکوومەت پێک نەهێنراوە بەڵکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هەڵنەبژێردراون و دۆخەکە هاوشێوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە زیاد لە دوو ساڵ بوو دواخرابوو.
|