بۆچی سودانی لەم کاتەدا سەردانی هەولێری کرد؟
2025-04-13
487 جار خوێنراوەتەوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجام دا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سوودانی بڵاویکردەوە "سەردانەکە لە چوارچێوەی ئەو بنەما هاوبەشیەدایە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پرۆسەی سیاسی بوونی هەیە."
بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکی دووقۆڵیی سەقامگیر لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و گەرەنتی و ئاماژەی سیاسی ئەرێنی بدات."
هاوکات بارەگای بارزانی لەبارەی ناوڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كراوە، جەختیش لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان کراوەتەوە."
سەردانەکەی سودانی دوای چەند رۆژێک لە راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هات، کە بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
سودانی چاوی لەوەیە بۆ هەڵبژاردنەکان لیستی تایبەت بە خۆی هەبێت و دەیەوێت خولێکی دیکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بباتەوە بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت پشتیوانی کورد بەدەست بهێنێت.
سەرەتای ئەمساڵ کاتێک مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق گەڕایەوە لەلایەن پارتی دیموکراتەوە پێشوازی گەرمی لێ کرا ئەوەش نیگەرانی سودانی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی دواخستنی رەوانەکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران.
سودانی ناڕاستەوخۆ نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە پێشوازی کورد لە مستەفا کازمی نیشاندابوو بۆیە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکرات بە گەرموگوڕی بهێڵێتەوە تا پشتیوانی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بە دەست بهێنێت.
هەرچەندە بەراورد بە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووتری عێراق محەمەد شیاع سودانی مامەڵەیەکی گونجاو و نەرمی لەگەڵ دۆسیەکانی تایبەت بە هەریم کردووە بە دیاریکراوی پرسی مووچە بۆیە پێشبینی دەکرێت پشتیوانی کورد لە هەڵبژاردنەوەیدا بە دەست بهێنێت.
جیا لەوە، رۆژی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا تەوەرێکی گفتوگۆکانی سودانی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بووبێت، چونکە عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکادایە تا هەرچی زووە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە.
٧رۆژ ـ رێبوار حەمەلاو
|