شەوێکی تایبەت بۆ بارسێلۆنا لە پاریس
55 خولەک پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای شکستە 2-4ـەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنا درەوشانەوەی ئەستێرەیەکی نوێی ئەکادیمیای لاماسیای لە دڵی پاریسدا بە ناوی چاڤی ئیسپارت تۆمارکرد، کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەیدا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکێش کرد.
لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان، چاڤی ئیسپارتی بەرگریکاری تەمەن 19 ساڵان بەهۆی پێکانی ئێریک گارسیا و ژول کوندێ وەک باڵی راستی بەرگری دەستپێکرد. ئیسپارت بە شێوەیەکی باش خڤیچا کڤاراتسخێلیای راگرت و لە تەواوی یارییەکەدا هیچ یاریزانێک نەیتوانی لێی دەرچێت، پێش ئەوەی بە هێرشێکی پێچەوانە گۆڵی یەکەمی بارسێلۆنا بە لێدانێکی بەهێز تۆماربکات.
هانزی فلیک دوای یارییەکە ستایشی ئەو یاریزانەی کرد و وتی "ئاستی ئیسپارت سەرسامی کردم، وادەردەکەوێت سێ بۆ چوار ساڵ بێت لەگەڵ تیپەکەبێت، شێوازی بەرگرییکردنی بەرامبەر هێرشبەرە گەورەکانی پاریس نایاب بوو".
بارسێلۆنا لەم یارییەدا بە گەنجترین پێکهاتەی سەرەکیی خۆی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوودا یاریی کرد، بە تێکڕای تەمەنی 24.38 ساڵ، کاتێک چوار یاریزانی لەدایکبووی ساڵی 2007 (ئیسپارت، لامين یامال، پاو کوبارسی و مارک بێرناڵ) لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون. لە لایەکی دیکەوە، لامين یامال بە تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی یانەکەی درەوشایەوە و بووە یەکەم یاریزان لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپادا لەم وەرزەدا بگاتە 10 گۆڵ و 10 ئاسیست.
هانزی فلیک بە لەبەرچاوگرتنی یاریی کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ریال مەدرید، پشووی بە رۆدری دا و لە گێمی دووەمیشدا گۆڕانکاریی بە پێدری و رافینیا کرد تاوەکو لە رووی جەستەیییەوە ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرە مێژووییەکەیان لەسەر یاریگەی کامپ نو.
|