مانگرتووانی سلێمانی مانگرتنیان شکاند

2025-02-11  421 جار خوێنراوەتەوە

مامۆستا و فەرمانبەرە مانگرتووەکانی سلێمانی لە رۆژی 15یەمی مانگرتنەکەیاندا مانگرتنیان شکاند. 
 
مانگرتووان کە ژمارەیان 13 کەسە، بە ئامادەبوونی ئاپۆرای جەماوەری لە خێوەتی مانگرتووان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵپەساردنی مانگرتنیان رایانگەیاند.  
 
مانگرتووان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتیان: "ئەگەر بمانزانیایە جووڵەیەکی جیدی لە دەرەوە هەیە، تا مردن بەردەوام دەبووین. لەژێر گوشاری ئەو دایکانەداین کە لە چەند رۆژی رابردوو دا بە قورئانەوە خۆیان هاوێشتە نێو خێوەتەکەمان و داوایان کرد مان بشکێنین." 
 
هاوکات، باسیان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایانگەیاند: "نەگەیشتینە هیچ رێککەوتنێک."  
 
پەیامنێری ٧ڕۆژ لە خێوەتی مانگرتووانەوە رایگەیاند، تەندروستیی بەشێکی مانگرتووان ناجێگیر بوو. 
 
مانگرتووان رەخنەی ئەوەیان لە هاووڵاتیان گرت، لەوەی "کاتێک 13 مانگرتوو لە برسێتیی تووندا بوون، 13 هەزار کەس چووبوونە ئەزمڕ و گۆیژە بۆ شەڕە تۆپەڵ." 

هاوکات سەرجەم مانگرتووان دوای بڕیاری هەڵپەساردنی مانگرتنەکەیان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێریى پزیشکدا دەبن.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە