حەماس گەڕی شەشەمی رادەستکردنی بارمتەکانی دواخست

2025-02-11  92 جار خوێنراوەتەوە

باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، گەڕی شەشەمی رادەستکردنی بارمتەکانیان، کە بڕیار بوو شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، تاوەکو کاتێکی نادیار دواخستووە. ئەوان دەڵێن، ئیسرائیل پابەندی مەرجەکان نەبووە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەڕەشە دەکات.

ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس لە ئێکس رایگەیاند: "ئازادکردنی بەندکراوەکان [بارمتەکان]، کە بڕیاربوو لە 15-02-2025 بکرێت، تاوەکو کاتێکی نادیار دوادەخرێت. ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونی داگیرکار بە مەرجەکانی ئاگربەست لە هەفتەی رابردوو."

حەماس راشیگەیاند، تاوەکو ئیسرائیل بە مەرجەکانەوە پابەند نەبێت، بارمتەکان ئازاد ناکرێن.

ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دواخستنەی حەماس، "پێشێلکاریی ئاگربەستە. فەرمان بە سوپای ئیسرائیل کراوە لەوپەڕی ئامادەباشیدابن."

بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەست کە لە 19ـی مانگی رابردوو چووە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە کە 42 رۆژ دەخایەنێت، حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات و لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەزار و 900 بەندکراوی فەلەستین ئازاد بکات.

رۆژی شەممە 08-02-2025 حەماس و ئیسرائیل پێنجەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بەندکراو-بارمتەیان کرد. حەماس سێ بارمتەی پیاو و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد.

ئێستا لەو 251 کەسەی بە بارمتە گیران، 73ـیان لە غەززەدا ماون و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.

لە راگەیێنراوەکەی حەماسدا هاتووە، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی "پێشێلکارییەکانی" ئیسرائیلیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە لە سێ هەفتەی رابردوو، ئیسرائیل پابەندی مەرجەکان نەبووە.

حەماس رایگەیاند: "دواخستنی کردنەوەی رێگەی باکووری غەززە، تەقەکردن و بە ئامانجگرتنی خەڵکی غەززە لە ناوچەی جیاوازی کەرتەکە، هەروەها رێگەنەدان بە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی مرۆیی، هەروەک رێککەوتنیان لەسەر کرابوو. لە بەرامبەردا حەماس پابەندی هەموو خاڵەکان بووە."

گەڕی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردن لە 19-01-2025 بوو. ئەوکات حەماس سێ بارمتەی ژنی بە ناوەکانی دۆرۆن ستێینبرێچەر، ئێملی داماری و رۆمی گۆنێن رادەستکرد. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل 90 بەندکراوی ئازادکرد.

رۆژی 25-01-2025 گەڕی دووەم بەڕێوەچوو، تێیدا چوار ژنە بارمتە ئازادکران. هەریەک لە کارینا ئەریڤ، دانیێلا گیلبوا، ناما لێڤی و لیری ئەلباگ رادەستی خاچی سوور کران. لەبەرامبەردا ئیسرائیل 200 بەندکراوی ئازادکرد.

گەڕی سێیەم لە رۆژی 30-01-2025 بەڕێوەچوو، تێیدا هەشت بارمتە ئازادکران، پێنج لە بارمتەکان تایلەندی بوون. ئەربیل یەهوود و ئاگام بێرگەر دوو بارمتەی ژن بوون و بارمتەی سێیەمیش گادی مووشی مۆزیسی تەمەن 80 ساڵان بوو. ئیسرائیل 183 بەندکراوی ئازادکردن.

لە گەڕی چوارەم  دا کە لە رۆژی 01-02-2025 بەڕێوەچوو، سێ بارمتەی پیاو بە ناوەکانی یاردن بیباس، کێیس سیگڵ و ئۆفەر کاڵدیرۆن ئازادکران. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 110 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکان دەرهێنا.

تاوەکو ئێستا فەلەستینییەکان 21 بارمتەیان ئازادکردووە و سەدان بەندکراویش لە بەرامبەریاندا لە زیندانەکان دا دەرهێنراون. 

بڕیارە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە دەوحە دەستپێبکەنەوە. هەریەک لە قەتەر، میسر و ئەمریکا نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماسن.

ئامانجی قۆناغی دووەم بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەی دیکە و دانانی نەخشەڕێگەی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.

لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس 251 بارمتەیان گرت. بەگوێرەی ئیسرائیل، ئێستا 73 بارمتە لە غەززە ماون، پێشبینی دەکرێت 34ـیان کوژرابن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە