ئەمریکا جارێکی دیکە داوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەکات

2025-04-01  183 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند گەورەترین کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و داواش دەکات بە خێرایی حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنرێت.

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مانگی داهاتوو یاخود لە کاتێکی دیکەی ئەمساڵدا کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەکرێتەوە کە گەورەترین کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە.

ڕوونیشیکردەوە کە کردنەوەی کونسوڵخانەکە رەنگدانەوەی پابەندبوونی ئەمریکایە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و هاوبەشییەکەمان و هاوئاهەنگییە دیپلۆماسییەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پتەوتر دەکات، لەنێویشیاندا ئامانج و ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و گەشەپێدانی ئاشتییەکی درێژخایەن.

سەبارەت بە پێکێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەت لەو دوو زۆنە و بوونی هێزێکی یەکگرتوو باشترە.

وتیشی: “ئێمە هانی هەموو لایەکمان داوە بەخێرایی حکومەت پێکبهێنن و دیموکراسییەکی خۆڕاگر و بە‌هێز وەکو هەمیشە باسی لێوە دەکەین لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق. بۆیە هانیان دەدەین حکومەت پێکبهێنن و بەخێراییش ئەو کارە بکەن”.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە