عەلی خامنەیی وەڵامێکی توندی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە
2025-03-31
313 جار خوێنراوەتەوە
ڕێبەری باڵای شۆرشی ئیلامی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە بە گورزێکی بەهێز و توند وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەدەنەوە.
لە ئێران ئەمڕۆ وەک جەژنی ڕەمەزان ڕاگەیاندرا و نوێژی بە کۆمەڵ ئەنجام درا ، نوێژخوێنانی تاران بە بەرزڕاگرتنی یادی جەژنی ڕەمەزان لە مزگەوتەکانی ئیمام خومەینی، ئیمام حسێن، ڕەسولی ئەکرەم کۆبوونەوە و نوێژی بە کۆمەڵی جەژنیان ئەنجام دا.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران لە مزگەوتی ئیمام خومەینی پێشنوێژی نوێژی بە کۆمەڵی جەژنی کرد و لە وتارێکدا هۆشداری دایە ئەمریکا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەی.
لەو وتارەدا کە هەریەکە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار و محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە سەربازییەکان و نوێنەرانی وڵاتان ئامادەی بوون، عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، هەڵوێستمان جێگیرە و نەگۆڕاوە، هەڕەشەی ڕەفتاری دوژمنکارانەمان لێ دەکەن بۆیە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی باش بزانن هەر دەستدرێژییەک بکەنە سەر وڵاتەکەمان بە بێ گومان بە گورزێکی توند و هاوشێوە وەڵام دەدرێنەوە.
وتیشی، ئەگەر دوژمنان وا هات بە خەیاڵیاندا کە لە ناو وڵاتدا ئاشوب دروست بکەن، ئەوا گەلی ئێران خۆی وەڵامیان دەداتەوە.
ئەو قسانەی خامنەیی وەڵامی لێدوان و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە شەوی ڕابردوو وتی ئەگەر ئێران ڕێککەوتنمان لەگەڵ نەکات بە جۆرێک بۆردوومانی دەکەین وێنەی نەبووە.
|