ئێران: ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان
2025-03-30
272 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگهیاند، وەڵامی وڵاتەکەی بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتوەتە کۆشکی سپی، تاران ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕاگهیاندوه.
ئەو لێدوانانەی مەسعود پزیشكیان دوای ئەوە دێت کە کەسایەتییەکی دیاری ئێران ناوەڕۆکی نامەیەکی سەرۆک ترهمپ بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکرا کرد، کە تیایدا جەختی لەوەکردەوە کە "کاتی تێپەڕاندنی دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ هاوکاری و ڕێزگرتن له یەکتر هاتوە".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فاتیمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگهیاند، کە "دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە بەرنامەی کاردایە".
موهاجرانی لە هەژماری خۆیدا لە پلاتفۆڕمی "X" نوسیویەتی، "وەڵامی پەیامی نێردراو ئامادەکراوە و گەیەندراوە، هەروەها ڕەوتی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن خراوەتە بەرنامەی کار".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم چوارچێوەیەدا ڕێڕەوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە بەرنامەی کارەوە، پرۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامە.
سەرچاوە ئێرانییەکان دەقی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکراکرد، کە بە پێشهاتێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان دو وڵات دادەنرا، ترهمپ نوسیویهتی، "لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئەمریکا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێت، پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان لاببەین و ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگای هاوکاریی نێوان دو وڵاتەکەمان بکەینەوە".
ترهمپ له نامهكهدا نوسیویهتی، "جەنابی ئایەتوڵا خامنەیی، لەگەڵ ڕێزگرتن لە ڕێبەرایەتی ئێوە و خەڵکی ئێران، بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دور لە ساڵانی ململانێ و لێکتێگەیشتن و ڕوبەڕوبونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی ڕابردودا شاهیدی بوین، ئەم نامەیەتان بۆ دەنوسم، کاتی ئەوە هاتوە دوژمنایەتی بەجێبهێڵین و لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر بکەینەوە، ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەمماندایە".
ئهوهشی وتوه، "لە ژێر سەرکردایەتی مندا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێت، پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان لاببەین و ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگای هاوکاریی نێوان دو وڵاتەکەمان بکەینەوە، نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی دو گەلەکەمان، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمو جیهان".
|