ئیسرائیل: ئەردۆغان دیکتاتۆرەو تورکیاش دەڵێت بێشەرمانەیە

2025-03-31  459 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی دایەوە کە وتبووی "رووی راستیی دژەجووی ئەردۆغانی دیکتاتۆر بەدیارکەوت" و ئەو گوتانەی بە بێشەرمانە وەسفی کرد.
 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "ئەو راگەیێندراوە بێشەرمانەیە رەتدەکەینەوە کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلەوە کراوە. ئەو بانگەشە بێ بنەما و ئاستنزمانەی ئەوان، بەشێکە لە هەوڵەکانی نەتەنیاهوو و هاوبەشانی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکان".
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی نیشانداوە و دەڵێت، ئەو هەڵوێستەی ئیسرائیل بۆ خێراترکردن و چڕکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکانی غەززەیە و رایگەیاندووە: "بانگەشەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەرگیز ئیرادەی تورکیا بۆ خستنەڕووی راستییەکان بە روونترین شێوە لەنێو نابات. ئێمە بەردەوام دەبین لە وەستانەوە لەدژی بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلی بێتاوان لەلایەن ئیسرائیلەوە و بەرگری لە مافەکانیان دەکەین".
 
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەیانیی رۆژی یەکشەممە 30-3-2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە:"رووی راستیی دژەجووی ئەردۆغانی دیکتاتۆر بەدیارکەوت. هەروەک بەڕوونی دەبینرێت، ئەردۆغان لەم رۆژانەدا بۆ ناوچەکە و خەڵکی خۆی بووەتە مەترسی".
 
وەزیرە ئیسرائیلییەکە هیوای خواستووە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەمە تێبگەن و پەی پێ ببەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە