وەزارەتی دارایی: رێکارەکانی ناردنی پارە تەواو بووەو سبەی دەنێردرێت
2025-03-25
83 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچە لەلایەن دارایی حکومەتی فیدراڵەوە تەواو کرا و بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "رێکارەکانی پارەدارکردن تەواو بووە و ئەو پارەیەی بڕیارە سبەی بنێردرێت 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار 779 دینارە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "بڕیارە سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان."
بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشتر جەختیان کردەوە کە هەر کاتێک بەغدا پارەکە خەرج بکات، ئەوان لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکەن لە نزیکترین کاتدا.
رۆژی 12ـی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و لە چوار رۆژ دا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشکرا و دوابەدوای ئەوەش، حکومەت داوای لە وەزارەتەکان کرد بە "زووترین کات" لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 18ـی ئادار ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغدا راگەیاند، بەڵام بەهۆی هەندێک رێکاری تەکنیکییەوە پەسندکردن و واژۆکردنی لیست و نووسراوی ناردنی پارەکە دواکەوت.
ئەگەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێش جەژنی رەمەزان مووچەی مانگی ئادار دابەشبکات، بەو پێیە لەم مانگەدا فەرمانبەران و مووچەخۆران دوو مووچە وەردەگرن، یەکێکیان مووچەی مانگی شوبات بوو، ئەوی دیکە مانگی ئادار.
|