ئەمریکا بەفەرمی لەبارەی حەشدی شەعبی هاتە دەنگ

2025-03-25  334 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی کە فەرمان و کۆنترۆڵی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناو سنوورەکانی خۆی لەدەستدایە، لەنێویاندا حەشدی شەعبی، دەبێت ئەم هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە، نەک ئێران.
 
تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ؛ لەبارەی خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق بەڕووداوی ڕاگەیاند: "بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق، پێویستە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی کە فەرمان و کۆنترۆڵی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ناو سنوورەکانی خۆی لەدەستدایە، لەنێویاندا حەشدی شەعبی، دەبێت ئەم هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە، نەک ئێران.

وتیشی ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران لەناو حەشدی شەعبیدا، لەنێویاندا ئەو رێکخراوە بیانییانەی کە بە تیرۆریست دەستنیشانکراون، دەستیان هەیە لە چالاکییە تووندوتیژ و ناسەقامگیرەکانی ناو عێراق."
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و لە شکاندنی یاسای عێراق لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات. سەرۆک ترەمپ هیچ شتێکی لە سەلامەتیی کارمەندانی ئەمریکی بەلاوە گرنگتر نییە و ئەو روونی کردووەتەوە کە ئەمریکا بەرگری لە خۆی و کارمەندەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات."
 
رۆژی دووشەممە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساى حەشدی شەعبی کرد، هەرچەندە پێشتر پڕۆژەیاسایەکى دیکە بۆ هەمان مەبەست لە پەرلەمان تاوەکو قۆناغى دەنگدان گەیشت، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دەنگى لەسەر نەدرا.
 
دەقی پڕۆژەیاساکە ناوەکەى گۆڕدراوە و کراوە بە "یاساى دەستەى حەشدى شەعبی" لە کاتێکدا لە پڕۆژەکەى پێشوو، ناوى "خزمەت و خانەنشینیی موجاهدینى حەشدی شەعبی" بوو.
 
پڕۆژەکە لە 18 مادە پێکهاتووە، لە کۆبووونەوەى 25ـی شوباتى 2025ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند کرا، دواى ئەوەى پڕۆژەکەى پێشووى کشاندەوە.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانى عێراق پێناسەکراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. 
 
بە گوێرەى پڕۆژەیاساکە، نابێت کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبی سەر بە هیچ پارتێک یان رێکخراوێکى سیاسی بن؛ نابێت لە هیچ چالاکییەکى حیزبی و سیاسیدا بەشدار بن. 
 
هەژمارە داراییەکانى دەستەى حەشدی شەعبی لەلایەن دیوانى چاودێریی داراییەوە وردبینیان بۆ دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە