فەرەنسا لەسەر ئێمباپێ هۆشداریی تووند دەداتە چین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، لەسەر کێشەی نێوان کیلیان ئێمباپێ و چینییەکان، هۆشداریی تووندی دایە ئەو وڵاتە و گوتی، لەسەر بەئامانجگرتنی هاووڵاتییەکمان بێدەنگ نابین.
کێشەی نێوان ئێمباپێ و چینییەکان، ئەوکات سەریهەڵدا کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، یاریزانە فەرەنسییەکە بەگاڵتەوە باسی وێنەیەکی تێکەڵکراوی خۆی و ماو تسی تۆنگ دەکات و دەڵێ، ئەوە دیکتاتۆرەکەی چینە. حکومەتی چین و کۆمپانیا چنییەکان کارەکەی ئەو یاریزانەیان، بەسووکایەتی بەسەرۆکی پێشووتری وڵاتەکەیان ناوبرد. حکومەتی وڵاتەکە، پەخشی یارییەکانی لالیگای لە وڵاتەکەدا راگرت، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیا چینییانەی گرێبەستی رێکلامیان لەگەڵ ئێمباپێ هەبوو، تاکلایەنە، گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکی فەرەنسا، هۆشداریدا کە پاریس بێدەنگ نابێت بەرامبەر بەئامانجگرتنی هاووڵاتییەکی لەسەر وێنەیەکی تەنزئامێز، هاوکات هەڕەشەی پێداچوونەوەی بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ بەیجین کرد.
سەرۆکی فەرەنسا لە لێدوانێکیدا بە تووندی بەرگری لە کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد و گوتی "فەرەنسا نیازی ئەوەی نییە مشتومڕێکی تۆپی پێ بکاتە قەیرانێکی نێودەوڵەتی، بەڵام بێدەنگ دانانیشین بەرامبەر بەئامانجگرتنی هاووڵاتییەکی فەرەنسی لەسەر وێنەیەکی کۆمیدی، پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین: چین بە تەواوی چی لە کیلیان ئێمباپێ دەوێت؟ ئەو یاریزانێکی تۆپی پێیە نەک دیپلۆماتکار، ئەو بەرپرس نییە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و بەیجین".
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە رێزگرتن دەبێت دوولایەنە بێت و فەرەنساش، کەرامەتی خۆی لەژێر گوشاردا ناخاتە دانوستاندنەوە، دەڵێ "ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و بڕیاری بازرگانیی زیاتر دژی بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا بدرێت، ئەوا وەڵامی ئێمە تەنیا لە بڵاوکراوەی کۆشکی ئەلیزێدا کورت نابێتەوە، بەڵکو توانای ئەوەمان هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بکەین".
سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی ئاراستەی سەرکردایەتیی چین کرد و وتی "پەیامم بۆ بەیجین سادەیە؛ دەبێت ئەم شێتێییە رابگیرێت بەرلەوەی بگاتە ئاستێک کە هیچ وڵاتێک نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، دەرفەت بە دیپلۆماسیەت بدەن و رێگا بدەن تۆپی پێ تەنیا لەنێو یاریگادا بمێنێتەوە".
هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا، دووەم پشتگیریی فەرمیی سیاسییە بۆ کیلیان ئێمباپێ لە پاش سەرهەڵدانی قەیرانەکەوە، پێشتر لیژنەی کاروباری چین لە کۆنگرێسی ئەمریکا، بەهەمان شێوە پشتگیری خۆی بۆ ئێمباپێ دەربڕی و گوتی، پێویست ناکات ئەو یاریزانە داوای لێبوردن لە چینییەکان بکات، چونکە ماو تسی تۆنگ دیکتاتۆرە و هەزاران هاووڵاتیی وڵاتەکەی خۆی کوشتووە.
|