" گرێبەستەکان مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان بۆ خوێندنی باڵا نابێت "
1 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا گشتاندنێکی ئاراستەی زانکۆکان کرد، کە لەسەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران گرێبەستەکان مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان بۆ خوێندنی باڵا نابێت.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە، وەڵامی وەزارەتی داراییمان بە گشتاندن ئاراستەی تەواوی زانکۆکان کرد، کە گرێبەستەکان بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان نییە بۆ خوێندنی باڵا.
لە نووسراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، کە لە 01-07-2026دا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە رایگەیاندووە: "بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ (گرێبەست)ی میلاکمان، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرن و بەردەوامن لە راژە و داوای درێژەدان بە خوێندن دەکەن لە زانکۆکانی کوردستان بەدەر لە رێنمایی دارایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019 بە پارالێڵ و بڕوانامەکانیشیان بۆ نەبەسترێت".
لە نووسراوێکدا لە 24-08-2026 کە وەڵامی داواکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە دراوەتەوە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و تێیدا هاتووە: "فەرمانبەری گرێبەست مافی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی نییە، تەنانەت ئەگەر داوای هەمواری بڕوانامەش نەکات، لەبەر ئەوەی کار بە بڕوانامەی نوێ ناکرێت بۆ فەرمانبەری گرێبەست، ئەوەش بەگوێرەی رێنماییمان ژمارە 10ـی ساڵی 2019".
وەزارەتی خوێندنی باڵا دوێنێ چوارشەممە 28-10-2026 لە گشتاندنێکدا بۆ زانکۆکان ئاماژەی بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و رایگەیاندووە: "فەرمانبەری گرێبەست مافی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی نییە، ئەگەر داوای هەمواری بڕوانامەش نەکات".
گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا نزیکەی چوار هەزار کەسن، پێشتر وانەبێژ بوون و ساڵی 2024 کرانە گرێبەست.
|