عێراق لەبارەی دۆخی شەنگال وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە

56   خولەک پێش ئێستا  349 جار خوێنراوەتەوە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی بەیاننامەکەی هەرێمی کوردستانی دایەوە کە ئاماژەی بەوەکردبوو عێراق بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی لە شەنگال جێبەجێ دەکات و دەبێت پابەندی ڕێککەوتنی شەنگال بێت.

دەقی وەڵامەکەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان:

لەپاش ڕاسپاردەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز عەلی فالح زەیدی، لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەیان بۆ هێڵانەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.

لەم بارەیەوە حکومەتی فیدراڵی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو ڕێکارە ئەمنییانەی لە ناوچەکانی شنگال جێبەجێ کراون، ڕێکاری مەیدانی و سەربازین و بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان، ڕێکارەکان یەکخستن و ڕێکخستنەوەی ئەندامانی "یەکەکانی پاراستنی شنگال"یان لەناو هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراقدا لەخۆگرت، هەروەها وەرگرتنی پێگەکانیان لە ناوچەکانی چیای شنگال و ڕادەستکردنیان بە یەکەکانی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی تری هێزە چەکدارەکانمان بەپێی ئەرک و پسپۆڕییەکان، چونکە ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لە ئەرکە تایبەتەکانی حکومەت و سەرکردایەتییە ئەمنییە فیدراڵییەکان دادەنرێت.

هەروەها حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی لە قەزای شنگال و کارکردن لەسەر دۆسیەکانی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان و خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانیان لە کەمپەکانی ئاوارەییدا، تا دەگاتە هەڵبژاردنی حکومەتێکی خۆجێیی بۆ قەزاکە بەپێی یاسا کە ڕەزامەندیی خەڵکی شنگالی لەسەر بێت و لە کاروباری خۆجێییاندا نوێنەرایەتییان بکات.

هاوکات حکومەت و هێزە چەکدارەکانمان جارێکی دیکە دووپاتی دەکەنەوە کە سەرجەم توانایە ئەمنی و کارگێڕییەکان دەخەنە خزمەتی دانیشتووانەوە، بەو پێیەی بەهێزکردنی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکانمان و سەپاندنی کۆنتڕۆڵی تەواوەتی، بە وەرگرتنی ناوچەکانی چیای شنگالیشەوە، نوێنەرایەتی بنەمای چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا و بەدیهێنابی سەروەریی بە هەموو لایەنەکانییەوە لە قەزای شنگال دەکات، ئەمەش لەگەڵ کراوەیی تەواو بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزی و ئاستەنگەکانی پەیوەست بە میکانیزمەکانی هێڵانەوەی چەک و لەخۆگرتنی ئەندامانی ئەمنی، بەپێی ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و یاسا بەکارەکان دەیخوازێت.

سەباح نوعمان
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
28ی تشرینی یەکەمی 2026


   ئەمانەش بخوێنەرەوە