ریال مەدرید بەفەرمی داوایلێبوردن لە چین دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
لە پێشهاتێکی نوێی ئەو قەیرانەی لەنێوان چین و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیدا روویداوە، یانەی ریال مەدرید بەفەرمی داوایلێبوردن لە چین و چینییەکان دەکات.
یانەی ریال مەدرید بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و داوایلێبوردنی لە کاردانەوەی ئەو لێدوانە مشتومڕاویانەی کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکەی کیلیان ئێمباپێ. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەو یاریزانە پێشتر داوایلێبوردنی لە گەلی چین کردبوو، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانێک کە کاریگەرییەکانی بۆ سپۆنسەری بازرگانی و پەخشکردنی یارییەکانی لالیگا درێژبووەتەوە.
ئەم هەنگاوەی یانەی شاهانە دوای داوایلێبوردنی فەرمی ئێمباپێ دێت، کە قەیرانەکە لە لێدوانێکیدا لەسەر وێنەیەکی تەنزئامێز کە بەراوردی کردووە بە ماو تسی تۆنگ، سەرۆکی پێشووی چین دروست بوو. هەروەها خاڤیێر تێباسی سەرۆکی خولی ئیسپانیا ش بەناوی خولەکەوە داوایلێبوردنی کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە کە گوشارەکان لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا زیاد دەبن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەران و هاوبەشەکانی لە چین.
ریال مەدرید داوایلێبوردن لە گەلی چین دەکات بۆ هەر سووکایەتییەک، کە لەوانەیە بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکەمان کیلیان ئێمباپێ بووبێت.
یانەکەمان ئەوپەڕی رێزی بۆ چین، مێژوو، کولتوور و خەڵکەکەی هەیە، هەروەها بۆ ملیۆنان هاندەری چینی، کە سۆز و سەرسامییەکی زۆریان بۆ ریال مەدرید هەیە.
یانەکەمان دەچێتە پاڵ کیلیان ئێمباپێ، کە بەئاشکرا داوایلێبوردنی کرد و یاریزانەکە خۆی پەشیمانیی خۆی بۆ لێدوانەکانی دەربڕی و رێزی خۆی بۆ گەلی چین دووپاتکردەوە.
ریال مەدرید پابەندبوونی خۆی بە بەهاکانی رێزگرتن و پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی نێوان کولتوورەکان دووپاتدەکاتەوە، هەروەها خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و نیازپاکی دەردەبڕێت کە لەگەڵ چین و گەلەکەیدا یەکدەخات.
ئێمباپێ داوایلێبوردن لە گەلی چین دەکات
ئێمباپێ بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و دانی بەوەدانا کە لێدوانەکەی لەسەر وێنە تەنزئامێزەکە نەگونجاو بووە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەداخەوە قسەکانی هەستی زۆرێک لە چین و رەوەندی چینی لە سەرانسەری جیهاندا ئازاری داوە.
ئەستێرەی ریال مەدرید گوتی "لەمیانەی هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەدا کۆمێنتێکم له سەر وێنەیەکی خۆم کرد، بەڵام کۆمێنتەکەم نەشیاو بوو، ئێستاش بۆم دەرکەوت که هەست و سۆزی زۆر له چین و رەوەندی چینی له سەرتاسەری جیهان ئازاری داوه.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوایلێبوردن لەهەر کەسێک دەکەم کە بە قسەکانی من توڕە بووبێت؛ ئەوە هەرگیز مەبەستم نەبووە، ڕێزێکی قووڵم بۆ گەلی چین و مێژووەکەیان هەیە، و پەشیمانییەکی دڵسۆزانەم دەردەبڕم.
قەیرانێک پەیوەندییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا لەگەڵ چین دەخاتە مەترسییەوە
قەیرانەکە دوای ئەوە پەرەیسەند کە راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە دەستەی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی چین، سی سی تی ڤی، پەخشی یارییەکانی خولی ئیسپانیای راگرتووە، لەنێویاندا ئەو یارییانەی کە ئێمباپێی تێدایە، هەروەها ئەو ریکلام و ڤیدیۆیانەی کە ئەو یاریزانەیان تێدابوو لابردووە.
جگە لەوەش چەندین کۆمپانیای چینی کۆتاییهێنان بە هاوبەشییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە راگەیاند، لەوانە خواردنەوەکانی دۆنگپینگ و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی مێنگنیو و پەنیری میلکگروند، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی کە بەهۆی لێدوانەکانییەوە سەبارەت بە وێنە تەنزئامێزەکە سەریهەڵدا.
کاردانەوەکانی بۆ پلاتفۆرمی وەرزشیی چینی دۆنگکیو دی درێژبووەوە، کە ناوی ئێمباپێی لە ریزبەندیی باڵۆندۆری 2026ـذا گۆڕی بە دەستەواژەیەک بە واتای 'ئەم کەسە بوونی نییە'، دوای ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە لە دوای هاری کەینی ئینگلتەرا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
لای خۆیەوە خاڤیێر تێباس بە ناوی لالیگا داوایلێبوردنی لە گەلی چین کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خولەکە لەگەڵ هاوبەش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ئەو پەیوەندیانە کردەوە کە تۆپی پێی ئیسپانیا لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەگەڵ چین دروستی کردووە.
|