سەرۆکی لیژنەی باڵۆندۆر: رۆدری نەیهێشت لامین براوەبێت

39   خولەک پێش ئێستا  14 جار خوێنراوەتەوە

ڤینسنت گارسیا، کەسی یەکەمی خەڵاتی باڵۆندۆر ئاشكرایکردووە، بەهۆی رۆدرییەوە، لامین یامال لە بردنەوەی خەڵاتی ئەمساڵ باڵۆندۆر بێبەشبووە، ئەوەشی ئاشکراکردووە، تاوەکو دوایین ساتەکان، کیلیان ئێمباپێ لە پێش هاری کەینەوە بووە.

گارسیا سەرنووسەری گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ'ە کە ساڵانە خەڵاتەکانی باڵۆندۆر دابەشدەکات. هاوکات سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکەیە و ئاشکرایکردووە، بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی ئەمساڵ لەلایەن هاری کەینەوە، تەنیا بردنەوەیەک نەبوو، بەڵکو ئەنجامی جەنگێکی گەورەی دەنگدانبوو، کە بەهۆیەوە ئیسپانییەکان خەونەکەیان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەدەستدا.

دوێنێ شەو، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆری ئەمساڵ، هاری کەین بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەو خەڵاتەی بردەوە. کەین بووە یەکەم یاریزانی ئینگلیزی دوای 25 ساڵ، تۆپە زێڕینەکە بەدەست بهێنێت.

گارسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە، شکستی ئیسپانییەکان لە بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی ئەمساڵ، وێڕای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، بۆ دیاردەی 'دابەشبوونی دەنگەکان' دەگەڕێتەوە، روونیکردووەتەوە کە رکابەریی نێوان لامین و رۆدری، زۆر گەورە بووە.

گارسیا دەڵێ، "راستگۆیانە بڵێم، پێموایە رۆدری، بووە هۆکاری لەدەستدانی خەڵاتەکە لەلایەن لامینەوە، ئەوەش بەهۆی چەند دەنگێکەوە، دابەشبوونی روون هەبوو لە نێوان دەنگەکانی هەردوو یاریزاندا، ئەوەش وایکرد هەردووکیان بێبەش بن".

ئەو هەروەها دەڵێ، "دابەشبوونی زۆری دەنگەکان لەنێوان یاریزانە ئیسپانییەکاندا هەبوو، ئیسپانیا تیپێکی بەکۆمەڵی کامڵ و ماشێنێکی نایاب بوو، لەبەرئەوە مەحاڵ بوو، ئەندامانی لیژنەی خەڵاتەکە، بەتەنیا ئاستی تاکەکەسی لەبەرچاوبگرن".

رۆژنامەوانە فەرەنسییەکە، لەبارەی لامینەوە دەڵێ، "لامین یامال پاڵەوانی جیهانە و ئەوەش دەستکەوتێکی ناوازەیە، بەڵام لە راستیدا ئەو لەو پاڵەوانێتییەدا تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە و بەپێکانەوە چووەتە مۆندیال، ئەمە دۆخی لیژنەی داوەرانی تێکدا، قورسیکرد لێیان لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر کێ بدەن".

کاتێک پرسیار لە سەرنووسەرەکە کرا لەبارەی ئەوەی دەنگی بەکێداوە، ئەو ئاشکراکردنی ناوەکەی رەتکردووەتەوە، دەڵێ، "دەنگم بە کەسێک داوە کە خەڵاتەکەی نەبردووەتەوە، پێموایە ئەویش شایەنی بەدەستهێنانی بوو، بەڵام رۆژی شەممە هەموو وردەکارییەکی دەنگدانەکە بڵاودەکەینەوە".

لەبارەی ململانێی کۆتایی لەسەر نازناوەکە، گارسیا دەڵێ، ململانێیەکە لە نێوان کەین و ئێمباپێدا بوو، دۆخەکە گەیشتە هەڵچوون، لە دوایین ساتەکاندا براوەکە یەکلایی بووەوە.

ئەو هەروەها دەڵێ، "کیلیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە پێش کەینەوە بوو، بەڵام کەین بەهێزەوە گەڕایەوە، بەجیاوازییەکی زۆرکەم، پێش ئەو کەوت و تەنانەت ئەو جیاوازییەی لەنێوان ئەو دووانەدا هەبوو، کەمتربوو لەو جیاوازییە کەمەی لە دەنگەکانی باڵۆندۆری 2024 لە نێوان رۆدری و ڤینیسیۆسدا هەبوو کە 41 خاڵ بوو".

گارسیا بەتووندی بەرگری لە شایستەیی هاری کەین بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە کردووە، رەتیکردووەتەوە بەتەنیا بەهۆی دەستکەوتەکانەوە، ئەو یاریزانە خەڵاتەکەی بردبێتەوە.

سەرنووسەری فرانس فوتبۆڵ لە کۆتاییدا دەلێ، "کەین بەر لە هەر شت، گۆڵکارێکی مەزنە، 73 گۆڵی تۆمارکردووە لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی. لە ئەڵمانیا هەموو نازناوەکانی بردووەتەوە، گەیشتووەتە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەراش پلەی سێیەمی جیهانی بەدەستهێناوە، بێگومان لیژنەی ناوبژیوانان پێیانوابوو، ئەو شیاوترین کەسە و کامڵترینی نێو بەربژێرەکانە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە