تەندروستی سلێمانی هۆشداری لەکەمبوونەوەی دەرمان دەدات

2025-03-06  270 جار خوێنراوەتەوە

هاووڵاتییەک لە سەنتەری شەکرەی سلێمانی یەکێک لە دەرمانە سەرەکییەکانی پێنەدراوە، لەدەرمانخانەکە پێیانوتوە، حکومەت پارەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی نەداوە، کۆمپانیاکانیش بۆمان ناهێنن و بڕۆ لە دەرەوە بیکڕە.
لە سلێمانی، 18 بنکەی تەندروستی هەن کە کێشەی گەورەیان کەمی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانە و هەر یەکەیان نزیکەی دوو هەزار نەخۆشیان هەیە.
 
دکتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری کلینیکی میللی پزیشکی چوارباخە و لەبارەی ژمارەی نەخۆشەکان لە کلینیکەکەیان باس لەوە دەکات، "لەم کلینیکەدا نزیکەی دوو هەزار نەخۆشیی درێژخایەنمان هەیە، کە مانگانە پێویستە دەرمان وەربگرن، بەڵام ئەو بڕە دەرمانەی هەمانە بەنموونە بەشی نزیکەی 500 نەخۆش دەکات، ئەوەی دیکە بەریناکەوێت."
 
بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکان لە وەزارەتی تەندروستییەوە کراوە، تەندروستیی سلێمانی ناتوانێت گرێبەستی نوێ بکات و دەرمان دابینبکات.
 
هاوکات هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانییە و لەبارەی نەبوونی دەرمان باس لەوە دەکات، "ئەزمەیەکی زۆر لەدەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دروستبووە لە سلێمانی، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی کۆمپانیاکانی دەرمانی خەرجنەکردووە، کە مافی خۆیانە، کۆمپانیاکانیش دەرمان دابین ناکەن."
 
لەم دۆخەدا تاکە سەرچاوەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان حکومەتی عێراقە کە دەرمان دەنێرێت، ئەویش بەشی 30% پێویستییەکان دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە