تۆڕێكی مەترسیداری بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا دەستگیر دەكرێن

2025-03-05  220 جار خوێنراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دەستگیركردنی "مەترسیدارترین تۆڕی بازرگانیکردن" بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا ڕاگەیاند و دەڵێت، "دەستگیراوە بەسەر كۆگایەكی سەرەكی ئەو باندە كە سێ کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا، 220 سندوقی پلاستیک کە کۆکاینیان تێدابوە".

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەك تۆمەتباری مادەهۆشبەرەكان دەستگیر دەكەن، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا توانیویانە سەرجەم ئەندامەكانی "مەترسیدارترین تۆڕی بازرگانیکردن" بە مادە هۆشبەرەكان دەستگیربكەن كە ژمارەیان نۆ كەس بوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکان بوە هۆی دۆزینەوەی کۆگای سەرەکی مادە هۆشبەرەکانی ئەو گروپە لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، هەروەها دەستبەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر لەناویدا، سێ کیلۆ و نیو ماریجوانا، 220 سندوقی پلاستیک کە کۆکاینیان تێدا هەڵگیراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، لە كۆگاكەدا چەکێک جۆری دەمانچە دۆزراوەتە، هەروەها  458 پارچە مادەی هۆشبەری دیكە دۆزرانەوە کە لە ماڵی تۆمەتبارەكاندا شاردراوەتەوە. سەرجەم تۆمەتباران و ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەریان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە