ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە رەتدەکەنەوە
2025-03-06
128 جار خوێنراوەتەوە
هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانەکەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە رەتکردەوە، بەگوێرەی ئەو پلانە کە میسر ئامادەی کردووە، رێگە بە دوو ملیۆن و 100 هەزار غەززەیی دەدات هەر لە کەرتەکە بمێننەوە.
رەشنووسی پلانەکە رۆژی چوارشەممە، چواری ئاداری 2025، لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە لووتکەی عەرەبی، بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرا؛ وەک جێگرەوەیەک بۆ پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە و گواستنەوەی خەڵکەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
دەسەڵاتی فەلەستینی و بزووتنەوەی حەماس، هەردووکیان پێشوازیان لە پلانەکەی وڵاتانی عەرەبی کرد، کە داوا دەکات، بۆ ماوەی شەش مانگ غەززە لەلایەن ئەنجوومەنێکی سەربەخۆی تەکنۆکراتەوە بەڕێوەببرێت و هەروەها داواش دەکات هێزێکی ئاشتیپارێز رەوانەی غەززە بکرێت.
بەڵام کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، پلانەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، ئەو پلانە لەگەڵ راستییەکانی دۆخی غەززە ناگونجێت، هەردوولاش پاڵپشتیان بۆ پلانەکەی ترەمپ دووپاتکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هەرزوو پلانەکەی وڵاتانی عەرەبی رەتکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەو پلانە نەیتوانیوە چارەسەرێک بۆ دۆخی راستەقینەی غەززە بدۆزێتەوە، بەڵام بیرۆکەکەی سەرۆک ترەمپ، دەرفەتێک دەبەخشێتە غەززەییەکان، بڕیارێکی ئازادانە و ویستێکی ئازادیان هەبێت و بڕیاری خۆیان بدەن و دەبێت بۆ ئەو مەبەستەش هانبدرێن، بەڵام وڵاتانی عەرەبی بڕیاریانداوە ئەو دەرفەتە رەتبکەنەوە، بێ ئەوەی هیچ هەلێکی پێببەخشن و بەردەوامیش تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن."
بڕایان هیوس، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپیش رایگەیاند، پلانەکەی وڵاتانی عەرەبی، "نەیتوانیوە دۆخی ئێستای کەرتی غەززە لەبەرچاو بگرێت، کە خەڵک ناتوانێت تێیدا بژی."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتیشی: "روانگەی سەرۆک ترەمپ بۆ داهاتووی غەززە ئەوەیە ئەو کەرتە دوور لە دەستی حەماس ئاوەدان بکرێتەوە."
لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ترس هەیە ئاگربەستە شەش هەفتەییەکەی غەززە، کە تاکلایەنە ئیسرائیل رایگەیاندووە، شکست بهێنێت.
ئیسرائیل ماوەی چوار رۆژە، چوونی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ نێو کەرتی غەززە راگرتووە، ئەمەش گوشارێکە بۆ سەر حەماس تاوەکو بەپێشنیازەکەی ئەمریکا رازی بێت و ئاگربەست درێژبکاتەوە و بارمتەکان ئازاد بکرێن و لەبەرامبەریشدا ژمارەیەکی زۆر گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن.
حەماس رایگەیاندووە پێویستە دەست بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست بکرێت، وەک ئەوەی هەردوولا لەسەری رێککەوتوون. کە ئەویش راگرتنی یەکجارەکی جەنگ و کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە غەززەیە.
|