لیژنه‌یه‌ك بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری سووریا پێكده‌هێنرێت
2025-03-03
310 جار خوێنراوەتەوە
ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا، بڕیاریدا به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوریی بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ری وڵاتەکە، هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نێكی نوێی یاسادانان دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پێشووی گه‌ل پێكده‌هێنێت.
به‌پێی نووسراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه واژۆی سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا ئه‌حمه‌د شه‌رعی له‌سه‌ره تێیدا هاتووه، بڕیاردراوه به پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی حه‌وت كه‌سی بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری كه قۆناغی ڕاگوزه‌ر له سووریا ڕێك ده‌خات.
ئه‌حمه‌د شه‌رع چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڕایگه‌یاند، كه هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر ده‌نێت، له‌وانه ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی ده‌ستووریی و پێكهێنانی لیژنه‌ی دیالۆگی نیشتمانیی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نێكی نوێی یاسادانان دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پێشووی گه‌ل پێكده‌هێنێت، هاوكات به‌ڵێنی به‌دیهێنانی ئاشتیی مه‌ده‌نی و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كڕیزیی سووریای دا.
لێدوانه‌كانی ئه‌حمه‌د شه‌رع ڕۆژێك دوای ئه‌وه دێن، كه ده‌سه‌ڵاتی ڕاگوزه‌ر بڕیاری هه‌مه‌لایه‌نه‌یدا كه بریتی بوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو گرووپه چه‌كداره‌كان، له‌نێویاندا ده‌سته‌ی ته‌حریر شام، كه ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، جگه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپا و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه له سه‌رده‌می پێشوودا هه‌بوون.
|