دەوڵەت باخچەلی: سەرتاپای پەیامەکەی ئیمراڵی بە بەهایە
2025-03-02
120 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی مەهەپە، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە، یەکەم لێدوانی دا و وتی: "ئەو لێدوانەی لە ئیمراڵی نووسراوە و شاندی دەم پارتی لە 27ـی شوباتدا خوێندیانەوە، "سەرتاپای بە بەها و گرنگە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "لێدوانەکە کە لە ئیمراڵی نووسراوە و لە 27ـی شوباتی 2025 لەلایەن شاندی دەم پارتی بۆ رای گشتی خوێندراوەتەوە، سەرتاپای بەنرخ و گرنگە. سەرچاوەی وەبەرهێنانی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەترسن بەزوویی وشک دەبێت و تورکیا بووژانەوەیەکی بێوێنە بەدی دەهێنێت."
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو لێدوانانەی لە قەندیلەوە هاتوون، تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانن و ئەمەش دڵخۆشییە.
سەرۆکی مەهەپە وتیشی، "یەکبوونی هەڵوێستی سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە قەندیل لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان و پشتگیریکردنیان لە بانگەوازی 27ـی شوبات لەم قۆناخەدا سوودی هەموو کەسێکی تێدایە."
باخچەلی روونیکردووەتەوە لە میدیادا هەندێک کەس نیەتیان باش نییە و هەوڵدەدەن بانگەوازی 27ـی شوبات رەش بکەن و دەیانەوێ هەنگاوەکانی ئاشتی و ئارامی تێکبدەن.
رۆژی 27ـی شوبات شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە و لە ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا داوای لە پەکەکە کرد ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
|