بەرنامەی Skype بۆ هەتایە لەکاردەخرێت و دەوەستێنرێت
2025-02-28
341 جار خوێنراوەتەوە
سکایپ، بەرنامەی پێشەنگی بواری پەیوەندی دەنگی و ڤیدیۆیی، دوای 22 ساڵ خزمەت، لە ئایاری ئەمساڵەوە بۆ تاهەتایە لەکاردەخرێت و دەوەستێنرێت.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت کە لە ساڵی 2011ـەوە سکایپی کڕیوە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "لە ئایاری 2025ـەوە، سکایپ چیدیکە بەردەست نابێت."
کۆمپانیاکە داوا لە بەکارهێنەرانی سکایپ دەکات، لەمەودوا بەرنامەی تیمز (Teams) بەکاربێنن، کە تایبەتە بە پەیوەندی و کۆبوونەوەی ئۆنڵاین.
سکایپ لە ساڵی 2003 لە لایەن دوو پیاوی ئیسکەندەناڤی بە ناوەکانی نیکلاس زێنستۆرم و یانوس فریس لە ئیستۆنیا دامەزرێنرا و وەرچەرخانی لە بواری پەیوەندیی ڤیدیۆییدا دروستکرد. رێگەی بە بەکارهێنەران دا، لە رێگەی کۆمپیوتەرەکانیانەوە بێ بەرامبەر پەیوەندیی دەنگی بە یەکەوە بکەن و بە بەهایەکی گونجاو، پەیوەندی لەگەڵ تەلەفۆن و موبایلەکان بکەن.
ساڵ دوای ساڵ، لەگەڵ باشبوونی خێرایی ئینتەرنێت، سکایپ پێشکەوت و بواری بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی، چات، ناردنی فایل و پەیوەندیی بە کۆمەڵیش دا.
تاوەکو ساڵی 2005، ژمارەی بەکارهێنەرانی سکایپ گەیشتە 50 ملیۆن کەس و لە سەرانسەری جیهانەوە بەکاردەهێنرا.
ساڵی 2005، وێبسایتی eBay کە تایبەتە بە کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان، بە 2.6 ملیار دۆلار سکایپی کڕی. دواتر لە ساڵی 2009، eBay فرۆشتی بە ژمارەیەک وەبەرهێنەر و ئەوانیش بە مایکرۆسۆفتیان فرۆشت.
لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتی دوای بەرفراوانبوونی بەکارهێنانی موبایل، سکایپ نەیتوانی وەک پێویست رکابەرایەتیی وەتسئەپ و زووم بکات و پێگەی خۆی وەک یەکەمین خزمەتگوزاری بواری پەیوەندیی ئۆنڵاین لەدەستدا.
سکایپ تەنانەت بەم دواییە نەیتوانی رکابەرایەتی بەرنامەی تیمزی مایکرۆسۆفت خۆیشی بکات.
جێف تێپر، سەرۆکی (Microsoft 365) کە سەکۆیەکی مایکرۆسفتە و ژمارەیەک ئەپ لەخۆدەگرێت، گوتی: "زۆر شت لە سکایپەوە فێربووین. ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵە پەرەمان بە تیمز داوە. بەڵام هەستدەکەین ئێستا کاتی ئەوەیە هەندێک سادەتر بین بۆ بازاڕ و بۆ بەکارهێنەر. دەتوانین خێراتر و داهێنانی زیاتر پێشكێش بکەین ئەگەر سەرنجمان لەسەر تیمز بێت."
|