ئێران پێشوازی لە پەیامەكەی ئۆجەلان دەكات

2025-02-28  202 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكەن بۆ دانانی چەك و بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن، هەروەها پشتوانی لە هەر پرۆسەیەک دەکەن کە ببێتە هۆی "ڕاگرتنی تیرۆر" و بەهێزکردنی ئاسایش لە تورکیا.

ئیسماعیل باغایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشوازی لە بانگەوازی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دانانی چەک دەكەن و ئەو بڕیارەی بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانن بۆ ڕەتکردنەوەی توندوتیژی.

ئاماژەی بەوەشكرد، کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە هەر پرۆسەیەک دەکات کە ببێتە هۆی "ڕاگرتنی تیرۆر" و بەهێزکردنی ئاسایش لە تورکیای دراوسێ.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو وڵاتە هیوادارە كە ئەو پێشهاتە نوێیە کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەک هەبێت.

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنی پێنجشەممە شاندی ده‌م پارتی، په‌یامی نوێی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی ڕاگه‌یاند و ئۆجه‌لان داوا ده‌كات په‌كه‌كه‌ چه‌ك دابنێت و له‌ كۆنگره‌یه‌كدا خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌. 

ئۆجه‌لان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ده‌ڵێت، "پەکەکە بڕیاری چەکدانان بدات، من ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرم، پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بڕیاری خۆی بدات و گوێرایەڵی بانگەوازەکەی من بێت".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە