وەزیری ئیتلاعاتی ئێران: دزەمان کردووەتە نێو ئیسرائیل
15 کاتژمێر پێش ئێستا
156 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران جارێکی دیکە پشتڕاستی دەکاتەوە ئیسرائیل ''سیخوڕ''ـی'' لە وڵاتەکەیدا هەبێت و دەڵێت، ''ئێمەش دزەمان کردووەتە نێو وڵاتان و ئیسرائیل.''
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی دزەکردنی ''سیخوڕ لە ئاستی باڵا'' لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند، "هەموو کات دزەکردن لە وڵاتدا هەبووە و هەر دەشبێت، هەر وەک چۆن ئێمەش دزەمان کردووەتە نێو وڵاتان و ئیسرائیل."
لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر لە 700 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد و هاوکاریکردنی ئیسرائیل، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە دەستگیرکراون. ئیسماعیل خەتیب وتی، ''هەرچی سەبارەت بە دزەکردنی سیخوڕانە، هێزە ئەمنییەکان کاری لەسەر دەکەن و دوای دەستگیرکردنیان، لەلایەن دەسەڵاتی دادەوە سزا دەدرێن.''
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا ئەگەری دزەکردنی مۆسادی لە ئاستی باڵای وڵاتەکەیدا رەتنەکردەوە و رایگەیاند: ''بۆ دۆزینەوەی بۆشایی و دزەکردنەکان دەستکەوتمان هەبووە و لە داهاتوودا رادەگەیێنرێت.''
بەرەبەیانی رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران. ئێرانیش بە چەند قۆناخ لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە و هەردوو لا بەردەوام بوون لە هێرشکردن.
رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیران، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لە نێوان دوو وڵاتەکە راگەیاند.
|