د. ڕێبوار کەریم لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چی وت؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
337 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت بەشداربوم لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و داوام کردووە لەهیچ بارودۆخێکدا موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکەوێتەژێر مەترسییەوە.
دقی نوسینەکەی د. ڕێبوار کەریم:
بەشداربوم لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت
دوێنێ لە کۆشکی حکومی بەشداربوم لەکۆبونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە تەرخانکرابو بۆ گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی و پرۆژە یاسای بودجە.
لەکۆبونەوەکەدا ئەم پێشنیارانەم خستەڕوو:
1. لەپشکی هەرێمی کوردستاندا بڕی بەرمیل بۆ فرۆشتنی نەوت دیاری نەکرێت و لەبری ئەوە بنوسرێت (کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم لەڕێ سۆمۆوە بفرۆشرێت).
2. لەبەرامبەر کۆی نەوتەکە، بودجەی پێویست و سوتەمەنی پێویست بۆ خەڵکی هەرێم لە بەنزین و نەوتی سپی و گازوایل لەلایەن عیراقەوە دابین بکرێت.
3. بەزوترین کات رێکەوتن بکرێت لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا، کە جێبەجێنەکردنی بوەتەهۆی کێشەی گەورە وەک گرانی و دروستکردنی خاڵی گومرکی نایاسایی.
4. لەدامەزراندن و بەهەمیشەییکردن و پلەبەرزکردنەوەدا رەچاوی هەرێمی کوردستان بکرێت و رێژەی خۆی پێ بدرێت.
5. لەهیچ بارودۆخێکدا موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکەوێتەژێر مەترسییەوە.
بڕیاردرا پێشنیارەکانم ببرێتەبەردەم گفتوگۆکانی ئەمرۆی وەفدی هەرێم کەدێتە بەغداو کۆبونەوە یەکلاکەرەوەکان دەکرێن. هیوادارم رێکبکەون.
د.رێبوار کریم
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
|