مەسرور بارزانی: پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان هەیە
2025-07-17
342 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازیی لە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد لەسەر لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 17-07-2025، رایگەیاند: "دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، رەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەت دا."
دەقەی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان:
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە ، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون.
هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە ، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
هەروەها دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/7/17
|