"دەمانەوێ کوردستان ببێتە ناوەندی پێشخستنی ئابووری ناوچەکە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (گۆڵدن گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت)ـی بازرگانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە.
لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەت بەشەکانی پڕۆژەکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بینی کە لە لایەن کۆمپانیای سەرپەرشتیکاری پرۆژەکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
دەقی وتارەکەی مەسروور بارزانی:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئامادەبوانی هێژا
خوشک و برایانی قەدرگران
ئێوە هەموو بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان، بەخێرهاتنێکی تایبەتی کونسوڵی یابان و بەڕێوەبەری کونسوڵخانەی چین و نوێنەری کۆمپانیای جیتۆر دەکەم لێرە و ئێوە بەخێربێن سەرچاوان، زۆر خۆشحاڵم سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە تایبەت ناحیەی باتێل دەکەم ئەمڕۆ کە لێرە ئێمە بەشدارین بە دڵخۆشییەوە بۆ کردنەوە و دەستپێکردنی سێ پرۆژەی گرنگی کەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل.
دەستخۆشی و سوپاسی موهەنەد گرووپ و بە تایبەتی کاک ئەحمەد مشیر و هەروەها کاک ئەحمەد ڕێکانی دەکەم بۆ بەشداریبوونی ئەوان لە وەبەرهێنانی ئەو پرۆژانەدا لەگەڵ کۆمپانیا چینی و یابانییەکان کە بێگومان هاریکارییەکی ئێجگار زۆر بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەکات.
جگە لەوەی ئەم کەرتە زۆر بەرەوپێش دەچێت، دەرفەتی کاری زۆریش بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە و کوردستانیش بە شێوەیەکی گشتی تەرخان دەکرێن، پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ فرەجۆرکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و فرەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئێمە ویستوومانە کە گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین. دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەکەم بۆ ئاسانکارییەکان تا کەرتی پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەرەوپێشەوە بچێت. دەستخۆشی لە ئێوە دەکەم.
وەک ئێمە بینیمان، زۆر شتی باش ئامادە کراون، بە تایبەتی لێرە کۆمپانیای نیسان دەبێتە دابەشکەری هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەهێندرێنە نێو عێراق و لێرە بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێنەوە. ئەمە دەرفەتی کار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەم دەڤەرە زیاتر دەڕەخسێنێت و خەڵکی ئێمە فێری کاری زیاتر دەبن لە کەرتی تایبەتدا. پێش ماوەیەکیش ئێمە پرۆژەیەکی وەکوو ئەمەمان کردەوە کە هی (تۆیۆتا) بوو لە دهۆک، پێشتریش لە هەولێر پرۆژەیەکی هاوشێوەی ئەمە کرانەوە، ئینشائەڵا ئەمە دەستپێکێکی زۆر باش بێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لە هەموو شار و پارێزگا و دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.
کوردستان خۆی لە شوێنێکی زۆر ستراتیژییە کە زۆر بازاڕ و مارکێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە گرێ دەدات، ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین ڕۆڵێکی کاریگەر لە پێشخستنی ئابووریی ناوچەکە ببینین و کوردستان ببێتە سەنتەرێک و گەلێک کۆمپانیای دیکەش چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن بۆ پێشخستنی ئابووری لە ناوچەکە و هەروەها بۆ زیاتر سوودگەیاندن بەو کۆمپانیایانەی کە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن، داوا لە وەبەرهێنەرانی کوردستانیش دەکەم، ئەوان زیاتر بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن و لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەگەر پێویست بێت (جۆین ڤێنجەر) بکەن، هەم بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە بچێت، هەم شێوازی زانستی لە کەرتی پیشەسازی بەرەوپێش ببەن.
ئێمە توانا و شیانی زۆر باشمان لە گەنجانی خۆمان دیوە و گەلێک هێزێکی زۆرە بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا، هەروەها زانین و هێنانی ئەو زانستانە لە دەرەوە، زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و کارکردن لەسەر هەرێمی کوردستان.
وەک من زانیومە، لەم ماوەیەدا هەزاران دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە بۆ خەڵکی ئێمە، ئەمە ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە زۆر دەرفەتی کار بە تایبەتی لە ڕێگەی فرەجۆرکردنی ئابووریدا دروست بکەین. پێش ئێستا کەرتی کشتوکاڵی زۆر گرنگی پێدرا، ئێستاش بۆ کەرتی پیشەسازی ئێمە هەمان بەرنامەمان هەیە، کەرتی گەشتوگوزاریش یەکێکە لەو کەرتانەی کە ئێمە زۆر گرنگیمان پێداوە و ئەوانیش هەموو پێکەوە دەبنە هاریکار، هەم بۆ ڕێکخستن و زیاترکردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ئێمە، هەم بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان. بە خۆشحاڵیشەوە من بیستم کە ناحیەی باتێل تەنیا ناحیەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ڕێژەی بێکاری تێیدا بووەتە سفڕ، ئەمە جێی دەستخۆشییە، پیرۆزبایی لە ناحیەی باتێل و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم. مەگەر یەکێک خۆی نەیەوێت کار بکات، ئەگینا وەک من بیستوومە، گەلێک دەرفەتی کار هێشتا هەیە کە خەڵکی تر بێت لەو ناحیەیە و لەم دەڤەرە بە دوای کاردا بگەڕێت، ئەمە جێی دەستخۆشییە و هیوای من ئەوەیە کە لە هەموو شارەکانی کوردستان و لە هەموو دەڤەرەکانی کوردستان دیسان هەنگاوی باش بهاوێژن بۆ پێشخستنی ئابووری و کەرتی تایبەت لە سنووری خۆیان کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. حکومەتیش پێویستە هەر توانایەک هەبێت بۆ پشتیوانیکردن و ئاسانکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت بیگرێتە بەر تا ئێمە زیاتر بتوانین ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین.
من زۆر خۆشحاڵ بووم ئەم پرۆژانەی دیکەمان بینی کە هەندێکیان ئێستا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بێگومان ئەوانیش دەرفەتی کاری زیاتر دەڕەخسێنن، کۆمپانیای جیتۆریش کە کۆمپانیایەکی چینییە و بۆ لێکدان و دروستکردنی ئۆتۆمبێل لێرە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە یەکەمین نموونە لەسەر ئاستی کوردستان و زۆر پێشخستن لە بواری کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە کوردستان دەکات و دەرفەتی کاری زیاتریش لەم ناوچەیە دەڕەخسێنێت، ئەوەی دیکەش گەلێک زانست و شارەزایی لەم بوارەدا پێشکەشی خەڵکی ئێمە و بە تایبەتی گەنجانی ئێمە دەکات لە بواری تەکنەلۆژی و لە بواری کەرتی پیشەسازی بێگومان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەبینێت.
هەروەها (مۆتۆر پلێکس) کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، یان فێرکردن و هاریکاریکردنی گەنجانی ئێمەیە کە چۆن فێری شێوازی لێخووڕینی ئۆتۆمبێل ببن یان فێری ئسووڵ و ئەم ڕێنمایی و تایبەتمەندییانەی کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل ببن.
ئەمانە هەمووی هەنگاوی داهاتوون کە دەکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان، من دەستخۆشی لە هەموو کۆمپانیاکان دەکەم، (موهەنەد گرووپ) و (هارلم گرووپ)ی چینی، دیسان هەم بەخێرهاتنی ئەوان دەکەم و هەم دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ئەو بەرنامانەی کە ئەمڕۆ پێشکەشیان کرد و هیوای من سەرکەوتنی ئێوە هەموانە، ئینشائەڵا ئێوە هەموو سەرکەوتوو دەبن و لە پێشکەوتنی رۆژانەدا بن و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
|