عێراق ڕێککەوتنی داهات و نەوتی لەگەڵ ناردنی مووچە پەسەند کرد

2025-07-17  793 جار خوێنراوەتەوە

دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ لە وەرنەگرتنی مووچەکانیان و ڕاگرتنی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە، دواجار ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌مڕ‌ۆیدا لێكتێگه‌یشتنی نوێی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئیمزا كردو بڕ‌یاریدا مووچه‌ی مانگی پێنجی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان خه‌رجبكات.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی بە ٧ڕۆژی وت "ئەمڕۆ ئەستەمە پارەی مانگی پێنج بگاتە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەواو بوونی دەوامی فەرمیەوە، بەڵام ناردنی پارەکە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو." 

هاوکات د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند سەرەتا مووچەی مانگی 5 خەرجدەكرێت و دوای وردبینیش، مووچەی مانگەكانی شەش و حەوت ڕاستەوخۆ دابەش دەكرێت.

سەرچاوەکەی ٧ڕۆژ لەبارەی پەسەندکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت: "جیاوازییەکی کەم کراوە لە رەشنووسەکە و ئەمە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت. دواتر لیژنەیەک دێتە هەرێمی کوردستان  بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە."

 وتیشی رەشنووسەکە لەلایەن سەرکردەکانی بەغدا و هەولێر رەزامەندی لەسەر دراوە. "کێشەی لە بەردەم دروست نابێت."

سەرچاوە باڵاکەی ٧ڕۆژ رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەبێت، 240 ملیاری دینار لە داهاتی نانەوتی بداتە عێراق، 120 ملیار بۆ مانگی پێنج و 120ـی دیکەی بۆ مانگی شەش
بەگوێرەی رەشنووسەکەش کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی کرد، هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و 50 هەزاریشی بۆ نێوخۆ بەکاربهێنێت. 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە