سەڵاحەدین بەهادین داوا دەکات هەسەدەش چەک دابنێت
2025-02-28
125 جار خوێنراوەتەوە
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە سێیەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر رایگەیاند: "بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان پێویستە پەکەکە، پەیەدە و هەسەدە پێشوازی لە پەیامەکەی ئۆجەلان بکەن و چەک دابنێن."
رۆژی هەینی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو باسی لەوەشکرد: "دەبێت قەندیل بزانێت ئەمە هەنگاوێکی نوێیە، چەکدانان بەمانای تەسلیمبوون نایەت. ئەگەر وابیر بکرێتەوە، چەکدانانی پەکەکە تەسلیمبوونە، بۆ سوپای تورکیاش بەهەمان شێوەیە."
پەیامەکەی دەولەت باخچەلی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لای سەلاحەدین بەهائەدین پەیامێکی "چاوەڕواننەکراو بووە" و، دەڵێت: "پێویستە کورد هەموو مافێکی هاووڵاتییبوونی هەبێت، هەموو لایەک پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەبارەی رۆڵگێڕانی دەسەڵاتی کوردی لە پرسی ئاشتیی تورکیا باسی لەوە کرد، وەکو یەکگرتوو و دەسەڵاتی کوردی رۆڵیان گێڕاوە و ئامادەی رۆڵگێڕانیشن. گوتیشی، "هەر کاتێک نێوماڵی کوردی یەکبووبێت، دەستکەوتی باش هەبووە.
سەلاحەدین بەهائەدین لەبارەی بەشداریکردنی پارتەکەشی لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە بڕیاری خۆیان نەگۆڕیوە و "بەشداری لە کابینەی نوێ ناکەین."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەبارەی پەیوەندیی نێوان لایەنی ئیسلامی و عیلمانی کوردستان وتی، "نابێت رێگە بدرێت کێشە لەنێوان عیلمانی و ئیسلامی کوردستان هەبێت."
|