وەزیری ناوخۆ: لە رۆژانی مانگی رەمەزان نانخواردن بە ئاشکرا قەدەغەیە
2025-02-28
202 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە رۆژانی رەمەزاندا نانخواردن بەئاشکرا قەدەغەیە و سزای یاسایی دەبێت. دەشڵێت، هەموو چێشتخانە، کافتریا و یانەکان لە هۆتێل و شوێنە بازرگانییەکان پێویستە لە کاتەکانی رۆژدا دابخرێن.
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکی دەربارەی رێنماییەکانیان بۆ مانگی رەمەزان رایگەیاند، "رێوشوێنی تووند دەگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە رێزگرتنی پیرۆزی مانگەکە و نانخواردنی بە ئاشکرا قەدەخەیە، چونکە ئەمە هەستی رۆژوەوانان ئازار دەدات و پێچەوانەی سرووشتی مانگی رەمەزانی پیرۆزە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن کەسانی ناموسڵمانیش بێت چ عێراقی بن یان نیشتەجێی عێراق". هەروەها جەختی لەسەر قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە کرد، لەگەڵ داخستنی هەموو ئەو شوێن و کۆگەیانەی کە مامەڵەیان پێوە دەکەن."
وەزیری ناوخۆ هۆشداریدا لەوەی، "هەر پێشێلکردنێکی ئەم رێنماییانە، خاوەنەکەی تووشی رێکاری یاسایی دەکاتەوە، بەپشت بەستن بە مادەی 1، 2 و 3 لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها ئەو کەسە بیانییانەی کە لە وڵاتدا کار دەکەن، لە حاڵەتی سەرپێچیکردنی ئەم رێنماییانەدا، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە، لەوانەش دوورخستنەوەیان لە عێراق."
عەبدولئەمیر شەممەری داوا دەکات، رێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی مانگی رەمەزان بگیرێت و دەڵێت، "سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ تێگەیشتن لە بەهای رۆژوو و پاراستنی پیرۆزییەکەی بەپێی شەریعەتی ئیسلام و یاسا."
قسەکانی وەزیری ناوخۆی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەکانی بینینی مانگ، چاودێری مانگ بکەن و یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری بکەن.
|