بافڵ تاڵەبانی: پەیامەکەی ئۆجەلان بەرپرسیارانە و پێویستیی ئەم قۆناغەیە
2025-02-27
86 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی ڕایگەیاند "یەکێتی پەیامەکەی ئۆجەلان بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت و پشتیوانی دەكات، هیوادارین هەمولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین".
بافڵ تاڵەبانی، ئەمشەو لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان دەکەن، پێیانوایە پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەکێتی ئەو پەیامە بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەو پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "هیوادارن هەمولایەکمان بەدەم ئەو پەیامەوە بچن و هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری و ئەم دەرفەتە مێژوییە لەدەستنەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە".
|