لەدوای بانگەوازەکەی دەم پارتی لە وان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەغە کرا

2025-02-27  98 جار خوێنراوەتەوە

لە پارێزگای وان ـی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەغەکرا. 

بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای وان بڵاوکراوەتەوە، لە 26ـی شوباتی 2025ـەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ لە سنووری پارێزگای وان خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەغە کراوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەوانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانان لە سنووری پارێزگاکەدا لە 26ـی شوبات تا 12 ـی ئادار قەدەغەیە. 
 
پارێزگای وان هۆکاری قەدەغەکردنەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریی لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕاندووەتەوە. 
 
بڕیارەکەی پارێزگای وان لە کاتێکدایە بریارە شاندی دەم پارتی ئیمراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی شوبات بەمەبەستی ئەنجامدانی سێیەمین دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بچنە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی و هەر ئەمڕۆ پەیامی ئۆجەلان بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت.
 
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێر 16:00 رابگەیێندرێت، لە شارەکانی ئامەد و وان ـی باکووری کورستان شاشەی گەورە دانراوە و داوا لەخەڵک کراوە لەوکاتەد لە گۆڕەپان بن بۆ گوێگرتن لە پەیامەکەی ئۆجەلان، کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا بانگەوازی چەکدانان بکات. 
 
شاندەکەی دەم پارتی ئیمراڵی کە ئەمجارەیان لە حەوت کەس پێکهاتووە، بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە دوورگەی ئیمراڵی، لە کاتژمێر 17:00 لە شاری ئیستەنبووڵ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازبدات. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە