لە ئەڵمانیا پارێزگارەکان بردییانەوەو راستڕۆ تووندڕۆکان ریکۆردیان شکاند

2025-02-24  93 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانیی CDU/CSU زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی ئەڵمانیایان بردەوە و فرێدریک مێرتز چەند هەنگاوێک لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دوورە؛ ئەمە جگە لە ریکۆرد شکاندنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندڕۆ کە دووەم بوو.
 
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا تەواو بوو، ئەنجامە بەراییەکان پیشانی دەدەن کە هاوپەیمانی کریستیان دیموکرات و سۆشیال کریستیان CDU/CSU 28.6٪؛ جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD 20.4٪؛ سۆشیال دیموکرات SPD 16.3٪؛ سەوزەکان Grune 12.3٪ و چەپ 8.5٪ـیان بەدەستهێناوە.
 
ئەگەر ئەنجامەکان پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوا واتا پارتی AFD دەنگەکانیان دوو هێندە زیادی کردووە. پارتەکە دژە کۆچبەران و لە ئەڵمانیا خەڵکێکی زۆر ترسیان لە هاتنەسەر دەسەڵاتیان هەیە. بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتە راستڕۆ تووندڕۆکە لەکۆی 630 کورسیی پەرلەمان توانیویانە 149 کورسی بەدەستبهێنن.
 
هاوپەیمانیی کریستیانەکان بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتز تاوەکو ئێستا یەکەمن و 209 کورسییان مسۆگەرە. کریستیانەکان توانییان پارتی SPDـی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا ببەزێنن.
 
مێرتز رکابەرێکی لەمێژینەی نێوخۆی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیایە، کە هەرچەندە لە هەمان پارتبوون، بەڵام مێرتز هەرگیز نەیتوانی لێی بباتەوە.
 
سیاسەتڤانە 69 ساڵە پارێزگارەکە بەڵێنیداوە کۆچی نایاسایی کۆنترۆڵ بکات، هیوای بەوەیە ئەوانەی دەنگ بە جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نادەن، دەنگ بە هاوپەیمانێتییەکەی ئەو بدەن و سەردەمی دەسەڵاتی دەستپێبکات.
 
تاوەکو ئێستا پارتی جێگرەوە هەر لە بەری ئۆپۆزسیۆنە، پارتەکانی دیکەش بڕیاریانداوە نەهێڵن بێتە نێو حکومەت و دەسەڵاتی نەبێت. ئالیس وایدل، سەرۆکی AFD ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و گوتیشی، ئەوان ئامادەن لەگەڵ کریستیانەکان حوکمڕانیی ئەڵمانیا بکەن.
 
پێش ئەوەی مێرتز پۆستی راوێژکار وەرگرێت، پێویستە حکومەتێکی هاوپەیمان پێکبهێنێت. بەڵێنی داوە تاوەکو 20ـی نیسان ئەو کارە تەواو بکات. ئەمەش هەڕەشە لە ئیفلیج بوونی بەرلین بۆ چەند هەفتەیەک دەکات، چونکە ئیدارە نوێکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکن سیناریۆی سیاسەتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ جیهان، ئەورووپا و بەتایبەت ئۆکراینا دەگۆڕن.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، مێرتز وتی: "جیهانی دەرەوە چاوەڕێی ئێمە ناکات، چاوەڕێی گفتوگۆ دوور و درێژەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی ناکات. پێویستە بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت."
 
 
بۆ ئەوەی هاوپەیمانی پێکبهێنێت، چاوەڕێ دەکرێت مێرتز پەیوەندیی بە سۆشیال دیموکراتەکان SPD بکات، بەڵام بەبێ شۆڵتز، کە ئەمڕۆ لە گوتارێکدا بە پارتەکەی گوت: "من بەرپرسیاری ئەنجامە خراپەکەی پارتەکەمانم."
 
پێشبینی دەکرێت مێرتز بانگی سەوزەکانیش بکات کە تاوەکو ئێستا 90 کورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام پارتی CSU کە هاوپەیمانی مێرتزە، ئەمەی رەتکردووەتەوە.
 
کاتە ناخۆشەکان
هەر پارت و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت 5٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ناتوانێت بچێتە نێو پەرلەمان کە بە (بوندێستاگ) ناسراوە، بۆیە داهاتووی پارتە بچووکەکانی نێو پەرلەمانەکە نادیارە.
 
یەکێک لەو پارتانە دیموکراتە ئازادەکانن (FDP) کە پارتێکی لیبراڵە و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان 4.7٪ـیان بەدەستهێناوە، ئەمەش واتا سفر کورسی. پێشبینی دەکرێت پارتە لیبراڵەکە ئامانجێکی دیکەی مێرتز بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
ئەنجامی کۆتایی لەلایەکی دیکە، دەکەوێتە سەر ژمارە و کورسیی پارتە چەپە تووندڕۆکان. پارتی چەپ Die Linke 62 کورسی مسۆگەر کردووە و هاوپەیمانی سارا واگنکنێشت BSW نزیکە بەربەستی 5٪ تێپەڕێنێت.
 
ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە گرنگەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا ساردییان پێوە دیارە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی راستەوخۆ چوونە نێو دانوستاندنەکانی رووسیاوە. ئێستا وڵاتانی ناتۆ لە ئەورووپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، نیگەرانی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکەن.
 
هەڕەشەی زیاتر لە ئەمریکاوە دێت، کە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی ئەڵمانیایە، ئەمە ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات جەنگی بازرگانی رابگەیێنێت، زیاتر برینە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، کە گەورەترین ئابووریی ئەورووپایە، دەکولێنەوە.
 
مێرتز لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنی لە میونشن گوتی، یەکێتیی ئەورووپا مەرجە تووند و خۆڕاگر بوەستێت، بۆ ئەوەی شوێنی لەسەر هەمان مێزی زلهێزە جیهانییەکاندا ببێتەوە.
 
دوایین دەرفەت
لە جووڵەیەکی حەپەسێنەری هەڵمەتە جەمسەردارەکە، پارتی AFD لەلایەن نزیکەکانی ترەمپەوە، لەوانەش ئیلۆن مەسک، پشتیوانی لێکرا. مەسکی ملیاردێر گوتی: "ئەوان تاکە پارتن کە بتوانن ئەڵمانیا رزگار بکەن."
 
جەماوەری بوونی پارتە تووندڕۆکە لە کاتێکدایە، زنجیرەیەک هێرشی خوێناوی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووە، زۆربەشیان لەلایەن پەناخوازانەوە کراون. لە مانگی کانوونی یەکەمی پار، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد، شەش کەسی کوشت و دەیانی بریندار کرد. شوفێرەکەش سعودی بوو.
 
هێرشی زیاتر کران، ئەفغانستانییەک بە چەقۆ پیاوێک و منداڵێکی کوشت؛ ئەفغانستانییەکی دیکەش بە ئۆتۆمبێل لە میونشن خۆی بەنێو خەڵکدا کرد.
 
رۆژی هەینیش، سووریاییەک بەگوتەی پۆلیس، ویستبووی چەند جووێک بکوژێت، پێش دەستگیرکردنیشی بە چەقۆ چەند گەشتیارێکی ئیسپانی بریندار کرد.
 
لە کاتێکدا خۆری AFD لە هەڵاتندایە، مێرتز باسی ئەوەیکرد حکومەتی داهاتوو پێویستە کار لەسەر نیگەرییەکان بکات؛ هۆشداریشیدا، ئەگەر وانەبێت، پارتی جێگرەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە پلەی یەکەم دەیباتەوە. 
 
مایکل برۆینینگ، شڕۆڤەکاری سیاسی کە لە پارتی SPDـیە گوتی: "گرەوەکان زۆر گەورەن."
 
برۆینینگ وتیشی: "پارتە گەورەکانی ئەڵمانیا نەیانتوانی دەنگدەرەکان رازی بکەن دەنگ بە جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا نەدەن، لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنەش بۆ ئەوان دوایین دەرفەت بێت بۆ ئەوەی خەڵک رازی بکەن. پێویستە هێزە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کار لەسەر کێشەکانی وڵاتەکە بکەن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە