نه‌ته‌نیاهۆ: ئاماده‌ین "له هه‌ر ساتێك‌دا بێت" شه‌ڕ ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه
2025-02-24
93 جار خوێنراوەتەوە
بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ڕایگه‌یاند، ئیسرائیل ئاماده‌یه شه‌ڕ له كه‌رتی غه‌ززه "له هه‌ر ساتێك‌دا بێت" ده‌ستپێبكاته‌وه، به‌ڵێنیدا ئامانجه‌كانی شه‌ڕه‌كه "چ له ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه یان به ڕێگه‌ی دیكه" به‌ده‌ستبهێنێت.
بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ له مه‌راسیمی ده‌رچون بۆ ئه‌فسه‌رانی ناوچه‌ی ته‌لئه‌بیب له وتارێكدا رایگه‌یاند، "ئێمه ئاماده‌ین شه‌ڕی چڕ‌وپڕ ده‌ستپێ بكه‌ینه‌وه، زۆربه‌ی هێزه‌كانی حه‌ماسمان له غه‌ززه له‌ناوبردوه، به‌ڵام گومانی تێدا نییه كه ئامانجه‌كانی شه‌ڕه‌كه به ته‌واوی ده‌گه‌ین، جا چ له ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه بێت یان به ڕێگه‌ی دیكه".
بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ داوای چۆڵكردنی باشوری سوریا له هێزه‌كانی ڕژێمی نوێ كرد و جه‌ختیكرده‌وه كه به‌رگه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه ناگرێت بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌رزی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ته‌لئه‌بیب ڕێگه نادات هێزه‌كانی ڕژێمی نوێی سوریا له باشوری دیمه‌شق جێگیرببن و ببنه مه‌ترسی بۆسه‌ر ئاسایشی نیشتمانی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی.
|